هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێران کۆڵبەرێکی‌ 17 ساڵەی‌ کوردیان لە سنووری‌ ماکۆی‌ رۆژهەڵات کوشت

‌کۆڵبەرە کوردەکە لە کاتی ساز ژەنیندا

وێستگه‌ نیوز ـ
هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێران لە نزیکەوە تەقەی‌ راستەوخۆیان لە کۆڵبەرێکی‌ تەمەن 17 ساڵی‌ خەڵکی‌ شاری‌ ماکۆی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان کردووە و بەو هۆیەوە کوژراوە.

ماڵپەڕی کۆمەڵەی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێران تەقەیان لە کۆڵبەرێکی‌ تەمەن 17 ساڵی‌ کوردی‌ خەڵکی‌ شاری‌ ماکۆی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان بە ناوی‌ وەحید دەولەتخا جنکان لو کردووە و بە قورسی‌ برینداربووە و ئەمڕۆ بەهۆی‌ قورسیی‌ برینەکەیەوە گیانی‌ لە دەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کۆڵبەرە تەمەن 17 ساڵە خەڵکی‌ گوندی‌ یارمقی‌ سەر بە قەزای‌ ماکۆ بووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێرانە لەسەر سنووری‌ نێوان باکووری کوردستان و رۆژهەڵاتی‌ کوردستان تەقەی‌ لێکراوە.

هاوکات ماڵپەڕ مافی‌ مرۆڤی‌ ئێران بڵاویکردووەتەوە، لەلایەن بنکەی‌ پاسەوانی‌ 37ی‌ سنووری‌ شارۆچکەی‌ بازرگانەوە لە نزیکەوە  تەقە لەو کۆڵبەرە تەمەن 17 ساڵە کراوە و بە قورسی‌ بریندارکراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی‌ فەجری شاری‌ ماکۆ، بەڵام بەهۆی‌ قورسیی‌ برینەکەیەوە گیانی‌ لە دەستداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا تەرمی‌ ئەو کۆڵبەرە بە بنەماڵەکەی‌ نەدراوەتەوە و بنەماڵەکەشی‌ لەلایەن یەکێک لە بەرپرسانی‌ دادگای‌ ماکۆوە سوکایەتییان بەرامبەر کراوە.

هەروەها ماڵپەڕی‌ تۆڕی چاودێریی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ کوردستان گرتەیەکی‌ ڤیدیۆی‌ ئەو کۆڵبەرەی‌ بڵاوکردووەتەوە، کە سازێکی‌ پێیە و گۆرانی‌ دەڵێت.

نزیکەی‌ مانگێک لەوە پێش و لە رووداوێکی‌ تردا هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێران تەقەیان لە کۆڵبەرێکی‌ تری‌ کورد لە ماکۆ بە ناوی‌ بورهان عەلەم هولو کردبوو و ئەو کۆڵبەرەش بەهۆی‌ ئەو  تەقەلێکردنەوە کوژرابوو.

بەپێی‌ ڕاپۆرتی‌ ڕێکخراوەکانی‌ مافی‌ مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی‌ کوردستانەوە، ساڵانە چەندین هاوڵاتی‌ کە بەهۆی‌ هەژاری‌ و نەدارییەوە پەنا دەبنە بەر کاری‌ کۆڵبەری‌، بەهۆی‌ تەقەی‌ هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێرانەوە دەکوژرێن و بریندار دەکرێن و چەندین کەسی‌ دیکەش بەهۆی‌ رووداوی‌ سروشتی‌ و سەرما و سۆڵە و لافاوەوە گیان لە دەست دەدەن.


PM:11:11:21/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3022 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو