لێدوانی ئەڵمانیا لەسەر داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم


وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەسەر داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم رایگەیاند، ئەگەر داوایەکی لەو جۆرەیان لە رێگەی ئینتەرپوڵ یان دوولایەنەوە لێبکرێت، ئەوا پێویستیان بە پلانێکی لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.


ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، جۆهان دیمرۆس لە بەرلین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "حکومەتی ئەڵمانیا لە بارودۆخێکی ئاوادا هەموو ئەو خاڵانە لەبەرچاو دەگرێت کە پێویستن".

هاوکات ناوبراو رەتیکردەوە هیچ کۆمێنتێکی دیکەی تایبەت بە داواکەی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم بدات.

ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس دوێنێ بڵاویکردەوە، تورکیا داوایەکی ئاڕاستەی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە و تیایدا داوای لێکردوون، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا "پەیەدە" دەستگیربکات، کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لە بەرلین بینراوە.

ئەو داوا نوێیەی تورکیا لە دژی ساڵح موسلیم لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو کۆماری چیک ساڵح موسلیمی ئازادکرد، دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژ بوو لەسەر داوایەکی حکومەتی تورکیا دەستگیرکرابوو لەو وڵاتە.

کۆماری چیک داوای لە ساڵح موسلیم کردبوو، لەناو خاکی یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامادەی ئەو دانیشتنانەی دادگا بێت کە باس لە چارەنووسی دەکەن.

تورکیا لە مانگی رابردوودا ساڵح موسلیمی خستە لیستی ئەو داواکراوانەوە کە دەیەوێت دەستگیریان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاریکردووە لە بەرامبەر دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی بە ئەنقەرە.

هــ. ر


AM:08:45:06/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 5042 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو