سۆران عومه‌ر: هه‌ر كه‌س دژی پڕۆژه‌كه‌ی حكومه‌ت بێت بۆ چاكسازی واته دژی چاكسازییه
سۆران عومەر
وێستگه نیوز- پشتیوان جه‌مال
سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێیوایه هه‌ر كه‌سێك دژی پڕۆژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت بۆ چاكسازی ئه‌وه داكۆكی له گه‌نده‌ڵی ده‌كات و دژی چاكسازییه.
سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له په‌رله‌مانی كوردستان به وێستگه نیوزی راگه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌شێكه له‌و چاكسازییه‌ی كه ئه‌وان پێشتر داوایان كردووه و وتی: "ده‌ستخۆشی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه بڕواته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و له په‌رله‌مانیش تێپه‌ڕێت، چونكه هه‌ر كه‌س دژی ئه‌و پڕۆژه‌یه بێت واته داكۆكی له گه‌نده‌ڵی ده‌كات و دژی چاكسازییه".
ناوبراو وتیشی: "گرنگه پشتیوانی ئه‌و پڕۆژه‌یه بكه‌ین و یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ناردوویه‌تی له 2015 به حكومه‌تم داوه و مانگێك له‌مه‌وبه‌ریش حكومه‌ت داوای كرده‌وه و پێم دانه‌وه، خۆشبه‌ختانه بۆته بنه‌مایه‌كی باش بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه".
ئه‌مڕۆ د. ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له بابه‌تێكدا به‌ناوی "پڕۆژه‌ی خه‌ڵك.. بۆ مووچه‌خۆری شایسته و ئاسووده‌یی ویژدان"، رایگه‌یاندووه كه "پڕۆژه یاسای (چاكسازی له خانه‌نشینی و مووچه و ده‌ڕماڵه) له دووتوێی 20 مادده، بۆ چاكسازی له بواری مووچه و خانه‌نشینی، به‌خۆشحاڵیه‌وه به بڕیاری ژماره 129ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندكرا و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێ كه داواكاری له مێژینه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه".
د. ئامانج ره‌حیم نووسیه‌تی: "پرۆژه‌كه میكانیزمی ئاشكرای بۆ دانراوه له 90 رۆژی یه‌كه‌می ساڵی دارایی 2018 ده‌بێت بكه‌وێته بواری جێبه‌جێبكردنه‌وه، به‌مه‌ش هه‌م دادپه‌روه‌ریی و هه‌م بڕه پاره‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه تا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی شایسته‌ی لێ بدرێ".
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێت: "ئه‌م پڕۆژه گرنگه، پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی چاودێریی و نه‌زاهه و داواكاری گشتی و شورایه، و ده‌بێت هی سه‌رجه‌م حیزبه‌كانیش بێت به دێرین و نوێوه".
راشیگه‌یاندووه كه "به هیوام قۆناغی ته‌شریعكردنی له په‌رله‌مانی كوردستان زوو به‌جێ بهێنرێت و له‌وه‌ش گرنگتر (جێبه‌جێكردن)یشی له لایه‌ن هه‌مووان به‌دی بكرێت، تا دادپه‌روه‌ریی بچه‌سپێ و چیتر مووچه‌خۆری شایسته نه‌بێته قوربانی ئه‌وانه‌ی كه به ناڕه‌وایی له پاره‌ی گشتی سوودمه‌ندن كه به‌داخه‌وه هه‌ندێكی به یاسا ره‌واییان پێدراوه".
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه كه "ته‌نها به (چاكسازیی و دادپه‌روه‌ریی) مووچه و بژێوی شایسته‌ی خه‌ڵك زامن ده‌كرێ".
ده‌قی نووسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانجه‌كانی ده‌ركردنی یاساكه‌یه:
پشتبه‌ست به ئه‌حكامی مادده‌ی هه‌شته‌م له یاسای ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره (3)ی ساڵی 1992 هه‌موار كرا‌و و، له‌به‌ر رۆشنایی كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ژماره (39) له رێكه‌وتی 21-12-2017 بڕیاردرا به :
1- په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای (چاكسازیی له خانه‌نشینی و مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی دیكه له هه‌رێمی كوردستان- عێراق) ، كه وێنه‌یه‌كی هاوپێچی ئه‌م بڕیاره‌یه و، ره‌وانه‌كردنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له رێگه‌ی به‌ڕێز وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی گفوتگۆكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه.
2- وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
ئامانجه‌كانی ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه
1- به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له خه‌رجكردنی مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته داراییه‌كانی تر له هه‌رێمی كوردستان و راگرتنی سوودمه‌ندبوونی ناشایسته له بودجه‌ی گشتی
2- خاوێنكردنه‌وه‌ی ناوی سوودمه‌ندان له بودجه‌ی گشتی له كه‌سانی ناشایسته و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ته‌رخانكراوی مووچه و ده‌رماڵه.
3- رێگه‌گرتن له سوودمه‌ندبوون له بودجه‌ی گشتی بۆ زیاتر له جارێك.
4- به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و یه‌كخستنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه جیاجیاكانی خانه‌نشینی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی خانه‌نشینی له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و چالاككردنی سندووقی خانه‌نشینی.
5- رێكخستنه‌وه‌ی خانه‌نشینی خاوه‌ن وه‌زیفه باڵاكان و پله‌تایبه‌تییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌یشتن به‌ته‌مه‌نی یاسایی دیاریكراو بۆ خانه‌نشینی و ساڵانی خزمه‌ت.
هــ. ر
PM:07:27:30/12/2017
ئه‌م بابه‌ته 3760
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت