هادی عامری داوای لادانی قایمقامه‌ كورده‌كه‌ی خورماتوو ده‌كات


وێسگه‌ نیوز -
هێزه‌ شیعه‌كان كار بۆ لابردنی قایمقامه‌ كورده‌كه‌ی قه‌زای خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دانانی توركمانێكی شیعه‌ له‌ جێگه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئیداره‌ی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ره‌زامه‌ندی‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.

رۆژی دووشه‌مه‌ هادی عامری فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی و مه‌هدی ته‌قی فه‌رمانده‌ی لیوای 52 ی حه‌شد كه‌ باره‌گای لیواكه‌ی له‌خورماتوه‌، سه‌ردانی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دینیان كردووه‌ و داوای گۆڕینی قایمقامه‌ كورده‌كه‌یان كردووه‌.

حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "حه‌شدی شه‌عبی ده‌یه‌وێت شه‌لال عه‌بدول له‌ قایمقامی خورماتو لاببات و حه‌سه‌ن زه‌ینه‌لعابدین له‌جێگه‌كه‌ی دابنێت، كه‌ ناوبراو توركمانێكی شیعه‌یه‌ و پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی بووه‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "شه‌وی رابردوو له‌گه‌ڵ پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین دا قسه‌م كرد، پارێزگار پێیوتم كه‌ داواكاری لابردنی قایمقامه‌ كورده‌كه‌ی خورماتوم ره‌تكردۆته‌وه‌".

وتیشی: "كاتی خۆی پۆستی قایمقام دراوه‌ته‌ كورد، له‌به‌رانبه‌ردا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن دراوه‌ته‌ عه‌ره‌بی سونه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسیش لای توركمانی شیعه‌یه‌".

به‌پێی رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان بۆ لابردنی قایمقام ده‌بێت ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتو ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ 21 ئه‌ندام پێكدێت، 7 ئه‌ندامیان عه‌ره‌بی سونه‌ و 7 یان كورد 7 ئه‌ندامه‌كه‌ی تریان توركمانن، شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت قایمقام ببه‌ن و پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا بده‌نه‌ كورد.

شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خورماتو، هه‌وڵی شیعه‌كانی به‌تاكلایه‌نه‌ بۆ لابردنی وه‌سفكرد و به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "توركمانی شیعه‌ هیچ رێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كورد نییه‌، تاكلایه‌نه‌ هه‌نگاو ده‌نێت".


PM:08:33:28/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 15172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو