سه‌لیم شوشكه‌یی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به وێستگه نیوز-ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌یان تاوتوێی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی كردوه و شیعه‌كان كه زۆرینه‌ن سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی خۆیان بێت و سوننه‌ش له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی خۆیان بێت، بۆیه ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌ته به زۆرینه‌ی شیعه تێپه‌ڕی.
وتیشی: "به‌پێی مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری كه شیعه‌كان پشتی پێده‌ستن رێگه‌ی به ئافره‌تان داوه له كه‌مترین ته‌مه‌نی سوڕی مانگانه‌یان كه 9 ساڵییه هاوسه‌رگیری بكات ته‌نانه‌ت له كه‌متر له‌و ته‌مه‌نه‌ش، وه‌كو سوننه‌كان ئه‌و بڕگه‌یه‌مان زیاد كرد كه ئێمه په‌یڕه‌وی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی ده‌كه‌ین و تیایدا ته‌مه‌نی سوڕی مانگانه له 14 تا 17 ساڵییه".
شوشكه‌یی رونیكرده‌وه و وتی: "له‌مه‌ودوا ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ یاساكه‌ی پێشتری حزبی به‌عس كه ده‌ڵێت هاوسه‌رگیری به‌پێی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی و له‌نێو ئه‌و مه‌زهه‌به‌شدا ته‌مه‌نی ئافره‌ت به 17 ساڵ و پیاو 20 ساڵه، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا یاساكه ده‌گۆڕێت و شیعه‌كان و سووننه‌كان هه‌ریه‌كه و بۆیان هه‌یه به‌پێی مه‌زهه‌بی خۆیان ئافره‌تان ماڕه ببڕن".
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه "له‌و بابه‌ته ده‌رگایه‌ك بۆ سووننه‌كانیش كراوه‌ته‌وه ده‌ڵێن سووننه به‌پێی مه‌زهه‌بی خۆیان ماره‌ی ئافره‌تان ببڕن واته مه‌زهه‌بێكیان دیاری نه‌كردووه، به‌ڵام له مه‌زهه‌بی ئێمه‌ش رێگه به‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه ده‌دات".
سه‌لیم شوشكه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "به‌نده وه‌كو تێبینی نووسیومه پێویسته سووننه په‌یڕه‌وی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی بكه‌ین، چونكه له مه‌زهه‌بی شافعیش به‌هه‌مانشێوه‌ی جه‌عفه‌رییه‌كان منداڵ له ته‌مه‌نی نۆ ساڵی ماره ده‌كرێت"، هه‌ربۆیه نیگه‌رانی خۆی له‌و بابه‌ته ده‌ربڕی و وتی "دیارینه‌كردنی ته‌مه‌نی ئافره‌تان بۆ هاوسه‌رگیری كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ئافره‌تان دروست ده‌كات و وه‌ك ساڵانی رابردوو شوودانی منداڵ له‌پشتی لانك ده‌ست پێده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌نده له فیقهی ئیسلامیشدا رێگه‌ی پێدراوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه چاوه‌ڕوانن هه‌مواری ئه‌و یاسایه بڕواته‌وه دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌ری.
هه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه له‌و ته‌مه‌نه‌دا، هه‌فته‌ی رابردوو ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه‌كانی كوردستان و عیراقیش ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و داوایانكرد ئافره‌تان له‌و ته‌مه‌نه‌دا به شوو نه‌درێن. لیژنه‌ی ئه‌وقافی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له هه‌شت ئه‌ندام پێكهاتوون پێنج شیعه و سێ سوننه.
PM:10:16:18/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 12908
جار خوێنراوه‌ته‌وه