ئەشواق جاف: بەهیچ شێوەیەك ئەمڕۆ ناچینە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر بابەتی ئیستیفزاز بە كورد ئامادە كرابێت

‌ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەلێدوانێكی تایبەتدا بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "سەرجەم فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار كۆدەبنەوە، بڕیاریشیانداوە ئەگەر بابەتێكی ئیستیفزازی لەدژی كورد ئامادەكرابێت لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا ئەوان وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران ناكەن.

ئەشواق جاف لەدرێژەی لێدوانەكەشیدا رایگەیاند: "ئەگەر لەدانیشتنەكانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بابەتی متمانە سەندنەوە لە سەرۆك كۆماری عێراق و لابردنی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركوك، خرابێتە دانیشتنەكانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەوا بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن و بایكۆتی دەكەن، چونكە هەردووكی نایاساییە، لەبەرئەوەی سەرۆك كۆمار دەبێت بەپێی ماددەی 61 لە دەستووری عێراقی لەلایەن دادگای ئیتیحادیەوە بڕیاری لەسەر بدرێت".

ئەشواق جاف وتیشی: "تا ئەم ساتە هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان یەك دەنگن لە رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە، وە هیچ فراكسیۆنێك باسی لەوە نەكردووە، كە بەشدار نابێت یاخود لەبابەتی كۆدەنگی سەبارەت بە هەر ئیستیفزازێك لەسەر كورد رای جیاوازی هەبێت".

پێویستە بوترێت هەفتەی رابردوو بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوورخرایەوە، بەڵام خودی نەجمەدین كەریم ئاماژەی بەوەكرد، كەبەهیچ شێوەیەك پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نابن و سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش، رایگەیاند: كە بڕیارەكانی بەغدا هیچ شیعتیبارێكیان نیە لای ئەوان.


AM:10:41:18/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو