دابه‌شكردنی خۆراكی مانگانه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

‌خۆراکی مانگانە هیوای هەژاران

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كرد، لەم هەفتەیەدا بەشە برنجی  بایەعی ده‌گاتە هەرێمی كوردستان و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كرێت. 

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی پارتی راگه‌یاند: "بڕیارە لەم هەفتەیە بەشەخۆراكێكی مانگانە بگاتە دهۆك، چونكه‌ وەك لە وەزارەتی بازرگانی عیراق پێیمان راگەیاندراوە بڕیارە لەم هەفتەیە بەشە برنجی بایەعی بگاتە دهۆك و دواتریش لە رێگەی بریكارەكانی خۆراك دابەش بكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: لە دوای رووداوەكانی 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، هیچ بەشەخۆراكێكی مانگانە لە لایەن بەغداوە رەوانەی كوردستان نەكراوە.

نەوزاد ئەدهەم وتیشی: "بڕیارە لەمەودوا وەك جاران بەشە خۆراكی مانگانە كە پێكهاتووە لە رۆن و شەكر و برنج بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت".

بە بڕیاری986ی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1997 وە لە رێگەی بریكارەكان خۆراك دابەشی سەر هاوڵاتیان دەكرێت، بەردەوامیش رەخنە لە كوالێتی و جۆری خۆراكەكان دەگیرێت.

هــ. ر


PM:10:15:12/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 12733 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو