كۆمپانیایه‌كی‌ هاورده‌كردنی‌ شمه‌ك دڵنیایی‌ ده‌دات كه‌ گرانی‌ روونادات


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
به‌رپرسی به‌شی فرۆش له‌ كۆمپانیای بورهان دڵنیایی‌ ده‌داته‌ هاوڵاتیان كه‌ له‌م دۆخه‌دا گرانی‌ روونادات و هاورده‌كردنی‌ شمه‌ك و پێداویستی‌ به‌رده‌وامه‌.

لوقمان عومه‌ر عه‌لی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فرۆش له‌ كۆمپانیای‌ بورهان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، راسته‌ ئێران مه‌رزه‌كانی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران و په‌روێزخان و باشماخی‌ داخستووه‌، به‌ڵام دوو مه‌رزی‌ دیكه‌ی‌ لاوه‌كی‌ ماون، هه‌روه‌ها ئێران ده‌روازه‌ی‌ دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عیراقدا به‌ستراونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش (مونزریه‌، شه‌ناپچه‌، مه‌هران و چه‌زابه‌)، له‌وێشه‌وه‌ بازرگانانی‌ كوردستان ده‌توانن شمه‌كه‌كان بێننه‌ عیراق و پاشان دێنه‌وه‌ كوردستان.

ناوبراو وتیشی‌ "توركیا مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئیبراهیم خه‌لیل داناخات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌رزه‌ تاكه‌ سنووری‌ بازرگانی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا، بۆیه‌ دڵنیایی‌ ده‌ده‌ینه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌وه‌ی‌ شمه‌ك و پێداویستی‌ هه‌یه‌ و  گرانی‌ روونادات".

به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ له‌ مانگی‌ رابردوودا، ئێران سێ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان داخست، هاوڵاتیانیش ترسیان لا دروستبووه‌ كه‌ شمه‌ك و پێداویستی‌ له‌ بازاڕدا نه‌مێنێت یان نرخیان گران ببێت.

هــ. ر


PM:02:48:23/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو