به‌رهه‌م ساڵح: بڕیاری ژیرانە، دیالۆگە لەگەڵ بەغدا

‌به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مشه‌و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ له‌شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌ په‌یامێكی‌ ڤیدیۆیی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ی ئه‌مڕۆ به‌رۆكی كورده‌واری گرتوه‌ ئه‌نجامی كاری كۆمه‌ڵێك ناوه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر برابه‌شكردن و كۆمپانیای هاوبه‌ش و پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات و درێژه‌دان به‌ مه‌ینه‌تیی ئه‌م گه‌له‌، هاوكار و هاوهه‌وارن.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا وتی: "گۆڕانكاری و چاكسازیی راسته‌قینه‌ به‌ یه‌ك حزب و لایه‌ن و به‌ مه‌یان كردنی یه‌ك ناوچه‌ به‌دی نایه‌ت، له‌ شه‌ته‌كانه‌وه‌ كورده‌واری گیرۆده‌ی ئه‌م دابه‌شكردنه‌یه‌، بۆیه‌ هاوپه‌یمانی تێده‌كۆشێت بۆئه‌وه‌ی دوای مێژویه‌ك له‌ تاڵاوی دابه‌شكاری و تاوانكاری و ململانێی زبر، ئاشته‌وایی دابین بكات."

دەقی پەیامەکەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح:

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری وەکو قەوارەیەکی سیاسی و خزمەتگوزار بۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئاییندەی پەرلەمانی کوردستان بە ئێوەی ئازیز رادەگەیێنم.

هاوپەیمانی بۆچی؟ ئەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆ بەرۆکی کوردەواری گرتووە ئەنجامی کاری کۆمەڵێک ناوەندی بەرژوەندیخوازە کە سەرەڕای جیاوازیان لەڕووی حیزبی سەرەڕای ناوی جیا، زاراوە و دەربڕین و درووشمی جیا جیا پێکەوە لەسەر برا بەشکردن و کۆمپانیای هاوبەش و پاوانکردنی دەسەڵات و درێژەدان بە مەینەتی ئەم گەلە هاوکار و هاوئاوازن.

بۆیە تەکبیری ئێمە هاوپەیمانی بوو چونکە بڕوامانوایە چارەسەری ئەم بارە ناهەموارە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو زوڵم و ستەمکارییە بە تاکەکەس و تاکە حیزب و بە تاکە ناوچە ناکرێت، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی بێدادی و گەندەڵی و پاوانکاری پێویستی بە هاوکاری و ھاوپەیمانی کەسان و لایەنی خەمخۆری جۆربەجۆرە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کە بنەمای حوکمڕانی باش و خەمخۆری ھاووڵاتییە.

گۆڕانکاری و چاکسازی راستەقینە بە یەک حیزب و لایەن و بە مەیدانکردنی یەک ناوچە بەدینایەت. لە شەستەکانەوە کوردەوەرای گیرۆدەی ئەم ھەوڵە بێ ئاکامانەیە و سەرئەنجام بینیمان، بەم فۆڕمە لە دابەشکاری و ململانێی تەقلیدی، کە زۆر جاریش بە داخەوە خوێناوی بووە، ھەوڵی یەکخستنی ماڵی کورد و چاککردنی حوکمڕانی خۆبەخۆی کورد لە بەرداشی ئەم ململانێیانەدا شکستی ھێناوە.

ھاوپەیمانی تێدەکۆشێت بۆئەوەی دوای مێژوویەک لە تاڵاوی دابەشکاری و پاوانکاری، و ململانێی زبر و زمانی تەشھیر و تەخوین، ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرقەرار بکەین، و کێشەکانی حوکمڕانی چارەسەر بکەین لە مووچەبڕین و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ، بە حیزبیکردنی کایەکانی ژیان، خزمخزمێنە، دەستێوەردانی بازاڕ، بەدگومانی ھاووڵاتییان لە دەسەڵات و سیاسەتی نەوت، نەبوونی سیاسەتی ئەمنیی یەکگرتوو و شپرزەیی و بێسەری بڕیاڕی سیاسی.. ئەم ھاوپەیمانییە تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی "حوکمی رەشید" و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگەی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردەوە.

هاووڵاتییانی ئازیز...

راگەیاندنی ھاوپەیمانی لەکاتێکدایە، باسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و کاردانەوەکانی، بەگەرمی لەئارادایە. ھیچ گومانی تێدا نییە، گەلی کوردستان خاوەنی مافی چارەنووس و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی.
 
دراوسێکانمان لەناوچەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاوبگرن، کە کورد گەلێکی رەسەنی ئەو ناوچەیەیە، ئاسایش و ئارامی رۆژھەڵات، بەبێ رێزگرتن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان دابین نابێت. رابردووش سەلماندویەتی بە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ ھەرگیز ئیرادەی گەلێک بۆ ئازادی لەناونابرێت.

بۆ دەیان ساڵ عێراقییەکان بەگشتی، نەھامەتی و تاڵاوی چەوسانەوە و شەڕو ئاشوبیان چێشت، بێبەشبوون لە ئاشتی و ئازادی و خێر و بێری وڵاتەکەیان. لە راماڵینی رژێمی سەددامیشەوە، لەگەڵ ھەموو ئەو ھیوایانەی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی نوێی عێراق ھەڵچنرابوو، کەچی دیسان عێراق دووچاری قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری بووەوە.

بەداخەوە لەعێراقی نوێدا جارێکی تر، ھاووڵاتییان لە بەسرە، سەمماوە، بەغدا، موسڵ و روومادی و بەڵێ لە سلێمانی و ھەولێریش، نیگەرانن لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، لە شەڕ و گەندەڵی و پێشیلکردنی دەستوور و یاسا.

دوای 14ساڵ لە راماڵینی سەددام، ئیدی کاتی پیاچوونەوەی ئەم دۆخە ناجۆرەیە. وادەی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە بنەڕەتییەکانی سیستەمی سیاسی عێراقە، ناکرێ ئەم وڵاتە ھەروا بەردەوام گیرۆدەی گێژاوی ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان بێت. پێویستە زوو بەزوو نوێنەرانی ھەموو پێکھاتەکانی لەبەغدا دایەلۆگی راشکاوانە دەستپێبکەن، لەپێناو دەربازکردنی عێراق لەم گێژاو و ئاشووبە بەردەوامە کە نەھەماتییە نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکە بۆ گشت پێکھاتەکانی تری عێراقیش.

بۆ کوردستانی خۆمان پێویستە ئەو راستیە تێبگەین دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوکمڕانی باش، ئامرازی بەجێگەیاندنی مافەکانی گەلی کوردستانە. ستەمکاری و لەدەستدانی متمانەی ھاووڵاتی بەحوکمڕانی، سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسین بۆ ئێستا و ئاییندەی ئەم گەلە.

بڕواشمانوایە لەو رووەوە بڕیاری ژیر ومەدروس، دایەلۆگە لەگەڵ بەغدا، لەبەر رۆشنایی پەیامەکەی ئایەتوڵا سیستانی و داواکارییە نێودەڵەتییەکان، پێویستە بۆ زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەربازبوونی ئەو قەیرانەی ئێستا. چونکە بڕیاری ئێستامان، نەک تەنھا بۆ ئەم نەوەیەیە، بەڵکە بو نەوەکانی داھاتووشمان کاریگەری ھەیە، ئەوانیش لەئاییندەدا لەگەڵ ئاکامی بڕیاڕی ئەمڕۆماندا دەژین، بۆیە دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە ھەنگاو بنێین، تیگەیشتنمان لەگەڵ دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ دوورخستنەوەی کوردستانی ئەمڕۆ و ئاییندەیە لە ئاشووب و شەڕ.

لەم پێناوەدا، جێی خۆیەتی ئیتر لەبەر رۆشنایی کاردانەوەکان، پێداچونەوەی ورد ھەبێت بۆ شیرازە و شێوازی بڕیاروەرگرتن لەم کوردستانە، ناکرێ بێباک بین لە دۆخی ئاڵۆزکاوی ناوخۆ و دەرەوە و ناکرێت هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر گەلەکەمان نادیدە بگرین.

ئازیزان...

بۆ ھاوپەیمانی؟ سیاسەت ئامڕازی خزمەتکردنی گەلە، لێرەدا کۆمەڵیک ھاودید کۆبووینەوە، بەشێکمان بێ پاشخانی حیزبی یا سیاسی، بەشەکەی تریشمان لە حیزب و قەوارەی جیاوازەوە ھاتووین، ھەریەکە ئەزموونێکی تایبەتی خۆی ھەیە و دڵنیام ھەریەکە بە ھیوای دابینکردی ئانیدەیەکی گەش بۆ گەلەکەی لە بواری خۆیدا کاری بێوچانی کردووە، بەڵام وا ئەمڕۆ ھەموومان بەئامانجی خزمەتکردن و حوکمڕانی دیموکرات و دادپەروەر لەم ھاوپەیمانییە کۆبووینەتەوە.

منیش ھەر وەک یەکێک لەو ھاودید و ھاوکارانەم، بە ھیوای رزگاری و دادپەروەری بۆ گەلەکەم لەساڵی 1976 بوومە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ 41 ساڵ لە ریزەکانی خەباتی بێ دابڕانم کردووە، راستگۆ بووم لەگەڵ ھاوڕێیان و لەگەڵ گەلەکەم. چونکە بەدڵنیاییەوە لەو 41ساڵەدا، ھەر بەئامانجی خزمەتکردن لەناو یەکێتی کارم کردووە.

لێرەشەوە روودەکەمە تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی یەکێتی، روودەکەمە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، روودەکەمە تێکۆشەرە دێرینەکان و پێشمەرگە دلێرەکان، کە بە گیانیان ئاسایشمان دەپارێزن، دەڵێم: یەکێتی خاوەن سەروەری و داھێنانی گەورە بووە لە مێژوودا، بەداخەوە لەگەڵ ئاراستەی سیاسی و حوکمڕانی ئێستای سەرکردایەتیی یەکێتی ناکۆکین، بەڵام ھەرگیز لەقەدر و بایەخی خەباتی تیکۆشەرە سەرڕاست و شەھیدە نەمرەکان، لە پێگەی پێشمەرگە کەم ناکەینەوە، بەڵکە لەم ھاوپەیمانییە ھاوکار و ھاوخەباتین بۆ بەدیھێنانی ئامانجی رەوای ئەم گەلە لە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

گەنجانی ئەو وڵاتە سەرمایەی کاریگەری بەڕێوەبردنی وڵاتن، شیاوی سەرھەڵگرتن و کۆچی رێی ھاتوونەھات نین. بەداخەوە، لەبری ئەوەی دەرفەتی تواناسازی و ھەلی کار، کەچی زۆرینەیان بێ کار و گیرفان خاڵی لەم نییشتمانە پڕ خێر و بێرەدا گیریان خواردووە.

ھەربۆیە ھاوپەیمانی مەبەستیەتی گەنجان بکاتە داینەمۆی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وڵات. ئەوان بکاتە سەرمەشقی ئاوەدانکردنەوەی ئەو نیشتمانە و دەرفەتی پێگەیاندن و گەشەپێدانی مرۆییان بۆ فەراھەم بکات.

ژنان، لە روانگەی ھاوپەیمانیەوە، ھەر نیوەی کۆمەڵ نین، بەڵکو دایکی نیوەکەی تریشن. پەروەردەکار و ھێزی سەرەکی کۆمەڵگەن. لەم تێگەیشتنەوە ھاوپەیمانی ھێزی ھاوسەنگی ژن و پیاوە، لەدیدی ئێمەوە، ستەمی سەر ژن ستەمی سەر گۆمەڵگەیە. بەپێی پەیڕەوی ھاوپەیمانی، رێژەی ھاوسەنگ، رێژەی شایستەیە بۆ ژن، نەک رێژەی کۆتا. ھەربۆیە رەچاوکردنی چوونیەکی لە ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتیەکانی نێوان ژن و پیاو، بەکردەوە دەکەینە یەکێک لەجیاوازییە جوان و بەرجەستەکانی پێکھاتەی ھاوپەیمانی.

لێرەوە، روودەکەینە ھاووڵاتییان، روودەکەینە هاووڵاتیانی موسڵمان و ئێزدی و کریستیان و کاکەییەکان و پیکھاتە ئایینی و مەزھەبیەکانی دیکەی ئەم نیشتمانە، لە دھۆکی دەلال، لە کەرکوکی بەرخودان، لە ھەولێری قەڵاومنارە، لە سلێمانی ھەڵمەت و قوربانی، لە ھەڵەبجەی شەھید و شەنگال، لە سۆران و بادینان و گەرمیان و راپەڕین، لە باڵەکایەتی، لە شارەزوور و ھەورامان و گشت ناوچەکانی دیکەی کوردستان، روودەکەینە پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، گەنج و ژنانی ئەم وڵاتە، روودەکەینە رەوەندی کوردی لەتاراوگە، پێیان دەڵێین:  ھاوپەیمانی بۆ ئێوەیە. پێیان دەڵێین: لەپێناو ژیانی سەربەرزانەی ئێستای خۆتان و سبەینێی مناڵەکانتان، با ھاوپەیمان بین بۆ دیموکراسی و دادپەروەری.

ھاوپەیمانی ھێزی ئێوەیە، دەنگی ئێوەیە، ئیرادەی ئێوەیە، چەتری بێ جیاوازی کۆکردنەوەی ھەمووتانە بۆ گۆڕینی واقعی زوڵم و بێدادی ئێستا و دەستەبەرکردنی سبەینێیەکی رونتر و باشتر.

ئیتر بەسە، بێدادی و گەندەڵی و پاوانکاری، ئیتر بەسە، حیزب حیزبێنە و خزم خزمێنە. دەزانین ھەندێک لەپەرۆشیەوە، پێمان دەڵێن: سەختە. بەڵێ سەختە، بەڵام دەتوانین پێکەوە چاکی بکەین. سەختە، بەڵام بەڵێ پێکەوە دەتوانین؛ دادپەروەری بەرپابکەین.  سەختە، بەڵام بەڵێ دەتوانین؛ نوێبوونەوە و ئاوەدانی ئەم کوردستاننە بەرجەستە بکەینەوە. سەختە، سەختە، بەڵام ھەرگیز مەحاڵ نیە. چونکە ئیرادەی گەلە. سەختە، بەڵام دڵنیابن دەتوانین پشت بە خوای گەورە و بە ھیمەتی دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە لەگەڵ ھاودید و ھاوکارەکانمان خۆشگوزەرانی بۆ ئەم گەلە دەستەبەر بکەین...

ئێوەش ئەی هاووڵاتیانی ئازیز و خۆشەویست هەر شاد و سەرفرازبن.

ر.ع


PM:07:43:02/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 8277 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو