ئه‌دهه‌م بارزانی: لیسته‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پارتی نابێت

‌به‌رهه‌م ساڵح

وێستگه‌ نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیكردەوە، ئەو لیستەی بەرهەم ساڵح دروستكردووە، كاریگەری لەسەر پارتەكەی هەبێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلولی 2017، ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی سایتی وێستگه‌ نیوزدا كه‌ ئایا بیسته‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی ئه‌وان ده‌بێت؟ وتی: "هەموو دنیا دژی پارتی دیموكرات وەستایەوە، نەیتوانی كاریگەری لەسەری هەبێت، ئێستا لیستێك، یان چەند لیستێك كاریگەری لەسەر دادەنێن".

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی پارتی، راشیگەیاند "هەوڵكەوتەی كوردستانی ئێمە فرەیی‌ و ئازادی هەیە، بۆیە هەر كەسێك ئازادە لەوەی لیست یان قەوارەی نویێ‌ دروستدەكات‌و بەشداری هەڵبژاردن دەكات".

ئەمە لەكاتێكدایە، بەرهەم ساڵح، كە پێشتر پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی هەبوو، ماوەی رابردوو لیستێكی بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی عیراق‌ و هەرێم راگەیاند، كە ناوی لیستەكە، "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری".

ئه‌دهه‌م بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌ی دوێنێی یاریگای سلێمانی كرد، كه‌ بۆ پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سازكرا و وتی: "بارزانی دوو جار پێی وتم كه‌ سوپاسی خه‌ڵكی سلێمانی بكه‌م له‌سه‌ر ئه‌و به‌شدارییه‌ گه‌رموگوڕه‌یان له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ربه‌خۆیی".

ئه‌دهه‌م بارزانی سوپاس خه‌ڵكی سلێمانی كرد و رایگه‌یاند: "كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ربه‌خۆیی له‌ سلێمانی په‌یامێكی گرنگی دایه‌ نه‌یارانمان". 

بڕیاره‌ رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌شێك له‌ چاودێران پێییان وایه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ دواده‌خرێت.

ه.ر



PM:01:52:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4617 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو