وردهكاریی تۆماركردنی موچهخۆرانی دهرهوه له سیستمی بایۆمهتری
وێستگه نیوزـ
بەرپرسێكی حكومەت ئاشكرایكرد كه موچەخۆرانی دەرەوەی وڵات بە چەند میكانیزمێك لە سیستەمی بایۆمەتری موچە تۆمار دەكرێن.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری موچە بە ههفتهنامهی باس-ی راگەیاند: ئەو فەرمانبەر و خانەنشین و كەمئەندامانەی لە دەرەوەی وڵاتن و تۆمار نەكراون، ئهوانیش تۆمار دەكرێن، وتیشی: قوتابیانی تواناسازی و هاوەڵەكانیان و خانەنشینی شارستانی و سەربازی و كەم ئەندامانی سەنگەر و كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن لەگەڵ ئەوانەی مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووە، ناویان دەنوسرێت پاشان تۆمار دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشدا كه پڕۆسەی ناونوسکردنی مووچەخۆرانی حکومەت ئەوانەی نیشتەجێی دەرەوەن، دەستی پێكردووە و ناونوسین لە 31ی ئابی 2017 کۆتایی دێت.
سهمیر ههورامی وتیشی: پرۆسهکه تەنها بۆ تۆمارکردنه نهک بایۆمەتری، ئامانجیش لێی تهنها کۆکردنەوەی زانیارییە سهبارهت به موچهخۆرانی دهرهوهی وڵات وهک ههنگاوی یهکهم، کۆکردنهوهی زانیاریش هاوکار دهبێت بۆ لیژنەی باڵای تۆماری موچەخۆران که بڕیاری ههنگاوی دووهم بدات سهبارهت به چۆنێتی ئهنجامدانی بایۆمەتری بۆ تێکڕای ئەو موچەخۆرانەی که دانیشتووی دهرهوهی ههرێمی کوردستانن.
روونیشیكردەوە ئەو كەسانە دەتوانن فۆڕمێك پڕ بكەنەوە و رادەستی نزیكترین نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن، وتیشی: دوای نوسینی ناوهكانیان دواتر لە رێگەی میكانیزمێك تۆمار دەكرێن یان وەفدێك دەنێردرێت بۆ تۆماركردنیان، یان موچەكانیان بۆ دابین دەكرێت تا دەگەرێنەوە، ئێستا دەمانەوێت ئامارەكە و شوێنەكانیان و موچەكانیان بزانین پاشان میكانیزمەكە بڕیاری لێ دەدرێت.
هەورامی جەختی كردەوە ئەوانەی مۆڵەتی بێ موچەیان هەیە هیچ كێشەیەكیان نییە و كە دەستیان بەكاركردەوە لە فەرمانگەكانیان بە پێی فەرمانی دەست بەكاربونیان لە ژووری عەمەلیات تۆماردەكرێن.
وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری موچە پێیوایە وتیشی: خەڵكێكی زۆر لە وڵاتانی دەرەوەن كە مووچەخۆرن و خانەنشینن، ئهوان پەیوەندییان پێوەكردن كه پەككەوتەن و نەخۆشن و ناتوانن سواری فڕۆكە بن و بگەرێنەوە، بۆیە "ئێمه دەمانەوێت بە ئاسانترین شێوە ئەو كهسانه تۆماربكەین."
سهبارهت به موچهخۆرانی دهرهوه ههرێم، سەمیر هەورامی ئاشكرای كرد" ژمارەی ئەو كەسانە زۆرە، بەڵام ئەوەی زانیومانە لە سەروو 15 هەزار كەس دەبن بۆیە بە ئاسانترین میكانیزم دوای ناونوسین هەوڵ دەدرێت لە سیستمی بایۆمەتری تۆماربكرێن".
راشیگەیاند هەر مووچەخۆرێك فۆڕمی ناونوسکردن پڕ نەکاتەوە و لە ڕێگای نوێنەرایەتی حکومەت بە فەرمی نەگاتە لیژنەی باڵای بایۆمەتری موچەخۆران، ئەوا فۆڕمی بایۆمەتری پێنادرێت، چونكه ئەو فۆڕمانە تەنها لە رێگای نوێنەرایەتیەوە پەسەند دەکرێت.
دوپاتیشیكردهوه كه وەکیل و بریكار لە بڕی موچەخۆر لە سیستەمی بایۆمەتری ڕۆڵی نییە و ناتوانرێت تۆمار بکرێت.
لە تۆماری بایۆمەتری موچەدا بە گشتی تائێستا ملیۆنێك و 202 هەزار موچەخۆر لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
AM:10:38:15/08/2017
ئهم بابهته 1508
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت