چۆن سکچون و ڕشانەوە گورچیلەکانت سست دەکات؟
وێستگە ستایل-
ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پەتای سکچوون و ڕشانەوە بڵاودەبێتەوە، بەردەوامبوونی سکچوون و ڕشانەوە بۆ چەند ڕۆژێک یاخود توندی بڕی سکچەوونەکە دەبێتە ھۆی سستبوونی گورچیلەکانت، لهم بابهتهدا دکتۆر ڕەوەند پزیشكی نەخۆشیەکانی ھەناوی و دڵ و شەکرە و غوددە و سییەکان و ھەرس و جگەر وهڵامی ئهو پرسیاره دهداتهوه كه چۆن سکچون و ڕشانەوە گورچیلەکانت سست دەکات؟
ئهم پزیشكه دهڵێت"ئەو ئاوەی بەھۆی سکچوون و ڕشانەوە لە جەستەت دەڕوات دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی قەبارەی خوێن چونکە نزیکەی %90 خوێن لە ئاو پێکھاتووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی قەبارەی خوێندا، بڕی ئەو خوێنەی دەگات بە ئەندامەکان کەم دەبێتەوە و گورچیلەکان لە ھەستیارترین ئەندامەکانی جەستەن کە کاریگەردەبن بەم کەمبوونەوەیە. "
لەگەڵ بەردەوامبوونی حاڵەتەکە و قەرەبوونەکردنەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو، خانە فرمانییەکانی گورچیلە دووچاری تێکشان و لاوازبوون دەبنەوە، ئەگەر زیاتر درێژە بکێشێت ئەوا بۆ ھەمیشە ئاستی فرمانی گورچیلەکان دادەبەزێت بێ ئەوەی بگەڕێتەوە باری ئاسایی و ڕەنگە بە تەواوی لە کارکردن بوەستێت.
کەواتە چۆن ڕێگری بکەین لە سستبوونی گورچیلەکان لە کاتی سکچوون و ڕشانەوە؟
-لەگەڵ دەستپێکی سکچوون و ڕشانەوەکەتدا دەستبکە بە قەرەبووکردنەوەی ئاوی لەدەستچوو بە خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو و باشترە شەکر و خوێی تێکەڵ بکەیت بۆ ڕێککردنەوەی ئاستی خوێ و کانزاکانی خوێن و شەکر.
-دەستەکانت زوو زوو بشۆ، تا ڕێگری بکەیت لە خۆتوشکردنەوە.
-خۆت بە دووربگرە لە کاری قورس، کاتەکانت بە پشوودان لە شوێنێکی فێنک و ھێمندا بەسەربەرە.
-بێ ڕێنمایی پزیشک ھیچ جۆرە چارەسەرێک بەکارمەھێنە.
کەی پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت؟
-ئەگەر ھەستت بە لاوازیەکی زۆر کرد
-سکچوونەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و ھیچ چاکبوونەوەیەک ھەست پێ نەکرێت
-کەمبوونەوەی بڕی میزکردن یان قاوەیی بوونی ڕەنگی میز
-سەرلێتێکچوون یان وڕێنە کردن و بێئاگابوون لە دەورووبەر
-توونیەتی زۆر و وشکبوونەوەی پێست
-ساردبوونی پەلەکانت
AM:10:29:23/06/2022
ئهم بابهته 2192
جار خوێنراوهتهوه