‌كلۆر بوونی ددانی شیری منداڵان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌؟

وێستگە ستایل-

یەکێک لە ھۆکارە باوەکانی سەردانیکردنی منداڵان بۆ پزیشکی ددان ھەبوونی ئازارە لە ددانەکانیان، ئەمەش ترس و دڵەراوکێ لەلایان دایک و باوکانەوە دروست دەکات لەکاتی ھەبوونی کلۆری لە ددانی منداڵەکانیان، دكتۆره‌ زیلان پزیشکی نەخۆشییەکانی ددانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر باسده‌كات.

ئه‌م پزیشكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، پێویستە بزانرێ کە مینای ددانی شیری لاوازترە لە ددانی ھەمیشەیی، ھەر بۆیە ئەمەش بە یەکێک لە ھۆکارەکانی خێرا کلۆربوونی ددانی شیری دادەندرێت و دەبێتە بڵاوبونەوەی کلۆری لە ددانی منداڵان. لەبەر ئەمە، چەند ھەنگاوێک دەگیرێتە بەر لەلایەن پزیشکی ددانەوە بۆ  پارێزگاریکردن لە ددانی شیری و رێگریکردن لە کلۆربوونی.
 
ھەندێک لە دایک و باوکان بڕوایان وایە کە ددانی شیری کاتییە و کلۆربوونی کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، دوای دەرکەوتنی ددانی ھەمیشەیی منداڵان توشی گرفتی کلۆربوونی ددان نابن! بەڵام بێ ئاگان لەوەی کە ددانە شیریەکان ڕێنێشاندەری ددانی ھەمیشەیین. واتە لە ئەگەری ھەبوونی کێشە لە ددانە شیریەکاندا، ئەوا کلۆر و بەکتریای ددانە شیرییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ددانە ھەمیشەیەکان بە ھۆکاری ئەوەی منداڵان لە دوای تەمەنی شەش ساڵی، ددانە ھەمیشەیی و شیریەکانیان لە یەک کاتدا دەبێت.

لەدەستدانی ددانە شیرییەکان دەبێتە ھۆی دروستبوونی چەند ئاڵۆزیەک. بۆ نموونە، لەدەستدانی بڕەر (ددانی پێشەوە) کە کاردەکاتە سەر ڕوخسار و قسەکردنی منداڵان، ھەروەھا گاڵتەپێکردنیان لەلایەن ھاوتەمەنەکانیانەوە، کە ئەمەش گرفتی دەروونیان بۆ دروستدەکات. ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری لەدەستدانی ددانە کەڵبەکان (ددانی بەشی دواوە) کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی گرفتی جوین و وردکردنی خۆراک کە ئەمەش کاردەکاتە سەر فەرمانی گەدە لە داھاتوودا. 

چەند گرفتێکی تری لەدەستدانی ددانە شیریەکان بریتین لە جوڵاندنی ددانە شیریەکان و نەھێشتنی بۆشایی بۆ ھاتنە دەرەوەی ددانە ھەمیشەییەکان بەمەش منداڵان تووشی گرفتی نارێکی ددانە ھەمیشەییەکان دەکات و پێویستیی زیاتریان بە راستکردنەوەی ددان دەبێت.

دایکان و باوکان چۆن بتوانن پارێزگاری لە ددانی منداڵەکانیان بکەن؟
کاتێک دایکان و باوکان گرنگی تەواو بە ددانی منداڵەکانیان دەدەن لە ڕووی پاک راگرتن، شوشتن، ھەروەھا سەردانیکردنیان بۆ کلینیکی پزیشکی ددان. ھەر بۆیە بۆ پاراستنی ددانەکان لە کلۆربوون پێویستە ساڵانە دوو جار بەمەبەستی بەکارھێنانی ماددەی فلۆراید بۆ بەھێزکردنی مینای ددانی شیری و پاک راگرتنی ددانەکان و بەکارھێنانی فڵچە و ھەویری تایبەت بە منداڵان و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازیەکان و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر. 

دەبێت ئەوە روون و ئاشکرابێت بۆ دایک و باوکان کە بەبێ جێبەجێکردنی ئەو رێکارەنەی کە لە سەرەوە باسمان کرد ناتوانرێ بەتەنھا بەبەکارھێنانی ماددەی فلۆراید رێگری لە کلۆربوونی ددانەکان بکرێت.



PM:04:00:27/04/2022


ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌