‌ماهیر حه‌سه‌ن بۆ به‌هادینی حه‌لیم" غه‌ریبیت ده‌كه‌م"

وێستگە ستایل-

هونه‌رمه‌ند ماهیر حه‌سه‌ن له‌ڕێی په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نوسیویه‌تی" غەریبیت دەكەین كاك بەهادین"

ماهیر نوسیویه‌تی"لە یادی 12 ساڵەی مەرگی لە ناكاوی بەهادینی حەلیمدا، بەهادین عەبدوڵڵا یان بەهادینی حەلیم، نزیكەی دوو دەیە لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانی كوردستانەوە دەبووە میوانی هەموو ماڵەكان، لەو ماوەیەدا خۆشەویستییەكی زۆری لەناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بەدەستهێنابوو."

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌شڵێت" هەر بە سروشت خاوەن جوڵەو هەڵسوكەوتێكی تایبەتی هونەری بوو، دەنگ و سیمای لەگەڵ كاری تەلەفزیۆن و بەتایبەتیش دراما دەهاتەوە یەك و شارەزایانەش ئەو بەهرەیەی خۆی بەكاردەهێنا، لە تەواوی ئەو زنجیرە و پرۆگرامە تەلەفزیۆنیانەی كە بەشداریی تێدا كردووە، هێندە شارەزاو بە سەلیقە بووە ئەگەر رۆڵەكەشی سەرەكی نەبووبێت ئەوا سەرنجی بینەری بۆ خۆی راكێشاوەو وەك ئەكتەری سەرەكی لێیان روانیوە."

لەگەڵ ئەوەی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو زۆر درەنگ چووە بواری نواندنەوە، ئەویش دوای راپەڕین بوو یەكەم وێستگەی كارکردنیشی لەگەڵ بەرنامە بەناوبانگەكەی (كەشكۆڵ) بوو لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، دیارە ئەو درەنگ دەركەوتنەش بەهۆی هەلومەرجی سیاسی وڵاتەوە بووە، هەر لەتافی لاویدا تێكەڵاوی دنیای سیاسەت و تێكۆشانی كوردایەتی بووە.

ماهیر حه‌سه‌ن له‌باره‌ی‌ به‌هادینی كۆچكردوو نوسیویه‌تی" من ساڵانێك ئەو پیاوەم لە نزیكەوە ناسی و لە گەورەیی و میهرەبانییەكەی خۆشبەخت بووم، ئەوەش ئەوكاتەبوو كە لە راگەیاندنی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان كارم دەكردو كاك بەهادینیش لە دەزگای پێشمەرگە دێرینەكان فەرمانبەر بوو، ئیشی دەكەوتە كۆمەڵەش. بۆ خۆم دەمبینی چەند جدی و بەپەرۆشەوە بە دوای كاروباری خەڵكدا دەڕوات و دەیەوێ خزمەتیان بكات، لەكاتێكدا خانەنشین بوو، بەڵام خۆبەخشانە خزمەتی پێشمەرگەی دێرینی دەكرد."

بەهادین عەبدوڵڵا ساڵی 1953 لەسلێمانی لەدایکبووە، ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی ی. ن. ك و رۆژی 20/1/1980 بۆتە پێشمەرگە. بەهۆی نوكتەزانی و قسە نەستەقەكانییەوە لە شاخ و پێشمەرگایەتی هەمیشە كۆڕی گەرم بووە، هەربۆیە زۆربەی پێشمەرگەو فەرماندەو سەركردەكان دەیانناسی و حەزیان دەكرد لەنزیك بەهادینەوە بن، ئەویش بەبێ جیاوازی سەرگوزەشتەی هەموویانی لە بەرگێكی تەنزئامێزدا دەكردە بابەتی پێكەنین و هەر ئەوكاتەش وەك ئەكتەرێكی دنیای كۆمیدیا دەردەكەوت.

دوای راپەڕین لە بەرنامەی كەشكۆڵ لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانەوە دەستیپێكرد كە خۆی لە دامەزرێنەرانی بەرنامەكە بوو، یەكێكیش بوو لە دامەزرێنەرانی بەرنامەی هەمەڕەنگ لەهەمان تەلەفزیۆن و ئەندامی تیپی رەنگاڵەش بوو. بەشداری چەندین كاری دیكەی شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی كردووە، دوا بەرهەمی بەشداریكردنی بوو لەزنجیرە درامای (نامەكانی ئەشرەف) و لە بەشەكانی یەكەم و دووەمی زنجیرەی (گەردەلول)یشدا بە رۆڵی معاون پاشا بەشداری كردووە و رۆژی 21/9/2009 كۆچی دوایی كرد.


PM:03:14:22/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌