جیاوازی نێوان جاران و ئێستا
وێستگە ستایل-
جاران خەڵک دیوار و دەرگای بەرزی دروست دەکرد تا وجودی خۆی لە وانی تر بشارێتەوە،کەچی ئێستا لە سەر جێگەی نوستن و لە ناوەڕاستی ماڵەکانەوە تەواوی وجودمان نیشانی ئەوانی تر دەدەین.
جاران دزێک بۆ ئەوەی زەفەری لەماڵێک بهێنایە ، دەبوو لانی کەم مانگێک چاودێری بکردایە تا بە تەواوی بۆی ڕوون دەبویەوە خاوەن ماڵ کەی ئەڕۆن؟ کەی دێنەوە؟ بۆ کوێ ئەچن؟چەند دەمێننەوە ؟وەلێ ئێستا خۆمان بە (چێک ئین) و بۆ خۆ نواندن بە ڕوون و ڕەوانی بە دزەکان دەڵێن وەرن لەماڵ نین .. (ویز جەرگە ، ئاند جەوێکی خۆش ، ئین فڵانە ڕێستۆرانت) ، تەنها بۆ ئەوەی مەراق بکات بە دڵی نزیکەکانیا ماڵی خۆی بەتاڵان کردن دەدات.
جاران کە کوڕ و کچێک عاشقی یەک ئەبوون قوربانی گەورەیان بە عیشقەکەیان دەدا لە گۆرانی و ئەدەبی وتراوی ئێمەدا دەیان ووت (تا نامەیەکی داوەتێ پەڕو باڵی دەرکردووە) ، ئێستا نامە بۆ خۆی پەڕو باڵی هەیە بە ماسینجەر و بە سناپ و بە ئێس ئێم ئێس بە یەک کلیک و ئۆکەی نامە لە شەقەی باڵ دەدات و دەفڕێ بۆ لای مەعشوقەکەی وەلێ کە زەواجیان کرد ساڵێک ناخایەنێت یان جیا دەبنەوە ، یان دەست دەکەن بە ئاژاوە.
جاران خەڵک توشی شەڕ ئەبوو ئەگەر مەڕ و ماڵات و گایەلەکەی و بڕۆشتایەتە ناو زەوی و زاری خەڵکی ترەوە ، ئێستا تووشی شەڕ دەبیت ئەگەر بچیتە ناو ریپلەی و ئەکاونت و بیرو باوەڕ و موعتەقەداتی خەڵکی ترەوە.
جاران مەفرەزەی ئەمن و قوات خاصە بۆت دا ئەنیشتن ئێستا مەفرەزەی پەیج و گروپ.
جاران دەردی شێرکۆ بێکەس دەڵێ لەو گەرمیانە خەڵک لەگەڵ کۆپتەر شەری دەکرد بەرخودان و خەبات لە تەختایی و لە دەشتا بێ ئەوەی پشتت بە شاخەوە بێت دەکرا ، کەچی خەبات و بەرخۆدان بۆتە ھاشتاگ و پرۆفایل گۆرین.
جاران بە کۆڵانێکدا یەک دووجار بڕۆشتیتایە کۆمەڵێک ڕێگایان پێ دەگرتیت ، ئێستا یەک دوو جار دەست خۆشیت لێ بکەن ، خێرا کۆمەڵێک پەلامارت دهدهن.
جاران لە سەر شیربایی و مارەیی و دوانزە تاک بازنگ و گۆبەرۆک و حێل و مێخەک لوتیان لێدەکردیت و زەمیان دەکردیت ، ئێستا لە سەر نەکردنی لایک و وەڵام نەدانەوەی نامە و کۆمێنت.
جاران مەودای تورەیی و رقی خەڵکی تەنھا چەند کیلۆ مەترێک بوو خەڵک جاران تەنھا لەگەڵ دراوسێ و خزم و کەسوکار لە کێشەو گرفتا بوو ، ئێستا سەدان و ھەزاران کیلۆ مەتر لە یەک دورین و بێ ئەوەی یەکتری لە نزیکەوە بناسین و ببینین کەچی بە خوێنی یەکتری تینوین.
ماڵەکانمان کردووە بە کامێرای چاودێری و کەچی چاوی خەڵکی لە کامێرای مۆبایلەکانمانەوە بەھەموو سوچێکی مقڵەکانماندا دەگەڕێ.
تازە گەڕانەوە بۆ دواوە نیە تەنھا ئازار و ڕاھاتن و بەرگەگرتن ھەیە چەند پڕ ئازارە بێ دەنگی ...سە یرکە کاری ئێمەی مرۆڤ بە کوێ گەشیتن.
ن: هێمن عهبدولقادر
PM:12:49:27/09/2019
ئهم بابهته 15204
جار خوێنراوهتهوه