‌هۆکارەکانی هەڵئاوسان و ئازاری سک

وێستگە ستایل-

هەڵئاوسان و ئازاری گەدە و سك یەكێكە لەو كێشە تەندروستیانەی زۆر كەس دوچاری دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بێزاركەرە لە هەمان كاتدا كاریگەری دەبێت لەسەر ئارامی دەرونی مرۆڤ، بۆ دووربونت لە ئازاری گەدە پێویستە لەم شتانە دوور بكەویتەوە، دکتۆر هێژا پزیشكی نه‌خۆشی و نه‌شته‌رگه‌ری هه‌ناوی له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

1- زۆر دانیشتن : ئەو كەسانەی ڕۆژانە لە شوێنی كاركردنیان زیاتر لە 8 كاتژمێر دادەنیشن ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر ڕۆشتنی بڕی پێویستی خوێن بۆ گەدە و هۆكاری دروست بوونی غازات و ئازارە لە ناوسكدا ، ئەگەر جۆری كاركردنەكەت بەو شێوەیەیە پێویستە هەشت كاتژمێر دابنیشیت ئەوە باشتر وایە ناوبەناو هەستیت و پیاسە بكەیت بۆ ئەوەی دووچاری ئەم كێشەیە نەبیتەوە .

2- خواردنی خۆراكی ناتەندروست: زۆر خواردنی خۆراكی ناتەندروست و ئەو خۆراكانەی شەكر و بەهارات بەڕێژەیەكی زۆر لە پێكهاتەیدا هەیە ئەمە هۆكارە بۆ غازاتی ناوسك و هەڵئاوسانی سك و گەدە .

3-كێشانی جگەرە: ئەگەر جگەرە دەكێشیت و كێشەی ئازاری گەدەت هەیە ئەوە لە كێشانی جگەرە بوەستە، چونكە جگەرە كێشان توشی ئازار و هەوكردنی گەدەت دەكات .

4- دەرمان: توێژینەوە نوێكان ئەوەیان ئاشكرا كردوە خواردنی چەند جۆرێك لە دەرمانی دژە هەوكردن هۆكاری ئازاری ناوسكە ، لەبەر ئەوە ئەگەر هەست بەوە دەكەیت بە وەرگرتنی دەرمانی دژە هەوكردن ئازاری گەدەت بۆ دروست دەبێت ئەوە بە پزیشكەكەت ڕابگەیەنە كە توشی ئازاری گەدە دەبیت كاتێك ئەو جۆرە دەرمانە دەخۆیت بۆ ئەوەی چارەسەری دیكەت بۆ بنوسێت .

5-پەستانی دەرونی: هەوڵبدە لە پەستانە دەرونیەكان دوور بكەویتەوە بۆ ئەوەی كێشەی هەڵئاوسانی سكت بۆ دروست نەبێت و توشی ئازاری گەدە نەبیت.


AM:11:50:04/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌