‌تەرمی مامی بردە بانک بۆ ئەوەی قەرز وەربگرێت

وێستگە ستایل-

لە ڕووداوێکی نامۆدا ڕۆژی سێشەممە، ژنێکی بەڕازیلی هەڵسا بە بردنی تەرمی مامی بۆ بانکێکی شاری ڕیۆدی جانیرۆ، تا لەوڕێگەیەوە بتوانێت گیان لەدەستدانەکەی بشارێتەوە و قەرزێک بە بڕی 17ڕیالی بەرازیلی کەدەکاتە 3215 دۆلاری ئەمریکی وەربگرێت.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە ڤیدۆی ئەم ڕووداوەی بڵاوکردۆتەوە، کە چۆن ژنەکە سەری مامە مردووەکەی بەرزدەکاتەوە و هەوڵ دەدات دەریبخات کە زیندووە، هەربۆیە بەردەوام داوایلێدەکات کە واژوو لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە بکات کە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە دیاریکراوە، بەڵام لەوکاتەدا ئاشکرادەبێت و کارمەندەکانی بانکەکە ئاگاداری دەکەنەوە کە ئەو کارەی دەیکات یاسایی نییە.

لەدوای ئەم دیمەنەشەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمبۆلانس و پۆلیسەوە کرا، و پزیشکانی فریاکەوتنی شارەکەش پشتڕاستیانکردەوە، ئەم پیاوە کەتەمەنی 68 ساڵە چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی ببرێتە بانکەکەوە گیانی لەدەستداوە.

ژنەکە کە خوشکەزای پیاوە مردووەکەیە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی هۆکاری گیان لەدەستدانی مامی ئاشکرا نەکراوە، و پۆلیسیش لە بەدواداچووندایە تا دڵنیا ببێتەوە لەوەی دەستی کەسانی تری تێدا نییە، ئەمەش لەکاتێکدایە گوومان هەیە ئەم ڕووداوە  ساختەکارییەکی ڕێکخراوی لەپشتەوەبێت.


PM:03:51:18/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌