‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری نەخۆشی گرژبوونی کۆڵۆن

وێستگە ستایل-


نەخۆشی گرژبوونی کۆڵۆن حاڵەتێکی باوە توشی ڕیخۆڵە ئەستورە (کۆڵۆن) دەبێت، بە کۆڵۆن گرژی ناسراوە، نەخۆشەکە ڕەنگە توشی پێچ، ئازاری سک، غازات، سکچون یان قەبزی ببێت، حاڵەتێکی درێژخایەنە و ڕەنگە پێویست بە چارەسەر بکات.

تەنها ڕێژەیەکی کەم لەو کەسانەی توشی IBS بوون نیشانەکانیان قورسن و ڕەنگە پێویستیان بە دەرمان هەبێت، بەڵام هەندێک کەس تەنها لەڕێگای چاککردنی جۆری خۆراک و خواردنەوە، کۆنتڕۆڵ کردنی سترێس و گۆڕینی ستایلی ژیانیان ئەتوانن نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەم بکەنەوە، دكتۆره‌ ئه‌وین پسپۆڕی  نەشتەرگەری گشتی ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕونده‌كاته‌وه‌.

حاڵەتی IBS نابێتە هۆی گۆڕین لە پێکهاتەی شانەکانی ڕیخۆڵە یان زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن وکۆم.

نیشانەکانی توشبوون بە کۆڵۆن:
بە گشتی نیشانەکانی IBS جیاوازن لە کەسەکاندا و درێژخایەنن، سەرەکیترینیان ئەمانەن:
1- ئازاری سک، پێچ یان غازات کەبەهۆی جوڵەی کۆڵۆنەوەیە لەکاتی چونە توالێتدا.
2- گۆڕان لە ڕێژەی پیسایکردن لە ڕۆژێکدا.
3- زیادبوونی غازات و باکردن، بوونی لینجایی لە پیسایدا.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر بەردەوام گۆڕان لە تایبەتمەندی و نیشانکانی کۆڵۆن هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی کێشەیەکی گرانترەوە بێت، وەکو شێرپەنجەی کۆڵۆن. لە نیشانە قورسەکانی IBS:
1- دابەزینی کێشی لەش
2- سکچون لە شەواندا
3- خوێنی کۆم
4- کەمی ئاسن و خوێن
5- ڕشانەوە بەبێ هۆکارێکی دیار
6- زەحمەتی لە قوتدانی خواردندا

ئەگەر IBS چارەسەر نەکرێت ڕەنگە بەهۆی سکچون یان قەبزی بەردەوام  ببێتە هۆی مایەسیری و کێشەی دیکەی کۆم.

هۆکارەکانی توشبوون بە IBS
هۆکارە سەرەکییەکەی نەزانراوە، بەڵام چەند فاکتەرێک هەن کاریگەریان لەسەر ئەبێت، لەوانە:
1-گرژبوونی ماسولکەکانی ڕیخۆڵە زیاتر یاخود کەمتر لە پێویست.
2-ناتەواوی لە سیستمی دەمار لە کۆئەندامی هەرس، بەهۆی لاوازی ڕێکاری ڕاگەیاندنەکان لەنێوان مێشک و ڕیخۆڵەدا.
3-توشبوون بە ئیلتیهاباتێکی زۆری ڕیخۆڵە بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە.
4-بوونی سترێس بەشێوەیەکی بەردەوام ، بەتایبەت لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا.
5-گۆڕانکاری لە میکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەدا کە بەشێوەیەکی سروشتی لە ڕیخۆڵەدا دەژین و ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە تەندروستی کۆڵۆن.
6-خۆراک
جۆر و کوالیتی خۆراک، هەروەها بوونی هەستیاری بەرامبەر جۆرێک لە خۆراک کە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، لەو جۆرە خۆراکانەش : شیر و بەرهەمەکانی شیر ، پاقلەمەنیەکان،گەنم، میوە مزرەکان، خواردنەوە گازییەکان
7-سترێس: هەبوونی قەڵەقی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی یان کێشەکانی تری مێشک و دەرون، ئەوانەی توشی مامەڵەی خراپ ئەبنەوە، چ لەڕووی جەستەی یان دەروونی. 

8-تەمەن: زیاتر لەتەمەنی گەنجیدا، وە لە تەمەنی خوار ٥۰ ساڵیدا دەردەکەوێت.

9-ڕەگەز: لە ڕەگەزی مێدا زیاتر باوە، بەهۆی بوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆن، یاخود بەکارهێنانی دەرمانێک ئیسترۆجینی تێدا بێت.
10-بۆماوەیی: لە میژووی خێزاندا توشبوو بە IBS هەبێت، بەهۆی بۆماوەیی، یاخود بەهۆی بوونی یەک شێوازی ژیان.


PM:04:41:18/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 5964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌