‌پزیشكێك هۆشداری له‌و ده‌نگۆیانه‌ ده‌دات كه‌ له‌باره‌ی‌ ڤاكسینی كۆرۆنا بڵاوده‌كرێته‌وه‌

وێستگە ستایل-


ڤاکسین یان پێکوتە دژی ھەر میکرۆبێک بێت، زانستی ئەمڕۆ نییە، ھەموومان ئاشنایەتییمان ھەیە بە کاریگەریی ئیجابیی پێکوتە لەسەر بنبڕکردنی چەند نەخۆشییەکی درمی کوشندە لەسەدەی ڕابردوو، لەوانە نەخۆشییەکانی سیل و سوڕێژە و ئیفلیجی منداڵ و دەردەکۆپان و ملەخڕە (گوێڕەپە) و کۆکە ڕەشە و چەندان ڤایرۆس و بەکتریای تر کە لە نەبوونی پێکوتەکانیان مەحاڵ بوو ژیان ئاوا ئاسان بوایە.

پێکوتە ژەھر نییە! تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت لە سەرتاسەری جیھان بەپێی پڕۆتۆکۆڵێکی تایبەت لە کاتێکی دیارییکراو پێکوتە دەدرێتە تەمەنی جیاجیا و چەندیین دەیەشە لە کوردستانی خۆمان خۆشبەختانە پێکوتە بووەتە ھۆی بنبڕکردنی تەواوی چەند ڤایرەسێکی کوشندە لەوانە ئیفلیجی منداڵان و سورێژە.

ئەوەی گرنگە ئێستا باسی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩) دەکرێت و زانایانی بواری ڤاکسین لەسەرتاسەری جیھان شەو و ڕۆژیان خستە سەریەک و دوای چەندیین تاقیکردنەوە چەند ڤاکسینێکی کاریگەر درووستکران بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیی لە ڤایرەسی پاندەمی نەگریسی کۆڤید-١٩.

کەسانێکی نابەرپرس و نەزان بەداخەوە دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێک بۆ شێواندنی بیر و تێڕوانینی خەڵک لەسەر ڤاکسینی کۆڤید بێ ھیچ دەلیلێک و وەک تووتی خەریکی نووسینەوەو باسکردنی ئەو بابەتەن و تەنھا مەبەستیان تێکدان و شڵەژاندنی مێشک و دەروونی خەڵکییە، ئەم کەسانە ھەر ئەوانە بوون کە دەیانووت: کۆرۆنا درۆیە! کۆرۆنا فشەیە! کۆرۆنا کەس ناکوژێت! کۆرۆنا سەربازی خوایە و بەس کافر دەکوژێت!!

ھاونیشتمانی خۆشەویستم...
کۆڤید وەک ھەر ڤایرەسێکی تری پێشتر کە ھەبوون دەشێ کوشندە بێت و دەشێت ڤاکسینیشی بۆ درووست بکرێت! بۆ نموونە نەخۆشیی سیلی سییەکان و سورێژە بوونەتە ھۆی مردنی سەدان ملیۆن کەس و پاشان بەھۆی ڤاکسین لە زۆربەی ووڵاتانی جیھان بنبڕکران! ئەوانەی کە ئێستا دەڵێن ڤاکسینی کۆڤید ترسناکە و خۆتان مەکووتن، ھەر ئەو کەسانە و ئەمسالیان بۆ سیل و سورێژەش ھەمان قسەیان کرد.

بۆیە تکا دەکەم زانست، بۆ ئەھلی زانست جێبھێڵن، زۆر ئەوانەی پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید کە خۆیان بە شت زانیی و لەھەر پلەو پایەکدا بوون خەڵکیان گەوجاند و بەھۆی قسە نابەرپرسەکانیان لە سۆشیەڵ مێدیا بوونە ھۆی ئافات و کارەسات بۆ ھەزاران خێزانی ئەم ووڵاتە.

ھیوادارم چاوکراوەتر و عاقڵانەتر بیر بکەینەوە و ژیان و تەندروستیی خۆمان نەکەینە قوربانی کەسانی ھەڵپەرست و نەزان.

بەھیوای ئەوەی بە زووتریین کات ئەم ڤاکسینە بگاتە کوردستان و زۆرتریین ھاووڵاتیی سوودمەندبێت.

د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو


PM:12:47:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 4568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌