‌ڤیدیۆ: نیشانه‌یه‌ك له‌ گه‌شكه‌ی‌ كۆرپه‌ی‌ ساوا ئاگادارت ده‌كاته‌وه‌

وێستگە ستایل-

گەشکە برتییە لە گرژبوونێکی ماسولکەکان لەئەنجامی دروست بوونی بارگەیەکی کارەباییەکی ناسروشتی کۆنتڕۆڵ نەکراو لەناکاو لە بەشێك یان لە ھەموو مێشکەوە.کە ئەمەش دەبێتە هۆی کاردانەوەیەك لە جەستەی منداڵەکەدا بەپێی ئەو شوێنەی تووشبووە،کە لەوانەیە جووڵەیەکی کتوپڕی دووبارەبووەوە لەپەنجەیەکی یان پێڵوی چاوی ببینرێ یان لە دەسیتێکی یا لەبەشێکی جەستە یاخود هەموو بەشەکانی بگرێتەوە و له‌م ڤیدیۆیه‌دا منداڵێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ توشی گه‌شكه‌ بووه‌ و له‌كاتی ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێویسته‌ منداڵه‌كه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ زوترین كات.

جیاواز ی نێوان گەشکە و پەرکەم چی یە؟
1-  پەرکەم:بریتیە لە زیاتر لەیەك نۆرەی گەشکە ، بەبێ زانینی ھۆکارێکی زانراو لە ھۆکارەکانی گەشکە وەک بوونی تا یان دابەزینی ڕێژەی شەکر.
2-  گەشکە :دەکرێ تەنھا یەکجار بێ یان چەندجارێک بێت بەڵام بەبوونی ھۆکاری زانراو وەك کەمی کالسیۆم یان بۆماوەیی.

باوترین جۆری گەشکە لە منداڵاندا بریتییە لە گەشکە بەهۆی( تا)وە، و ئەم جۆرە گەشکەیە لەسەدا ١٠ زیاتر لە منداڵانی تەمەن شەش مانگ بۆ شەش ساڵدا ڕوودەدات، هەروەها هەندێک جار ئەگەری هەیە گەشکە یەک جار ڕووبدات و هەرگیز دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر گەشکە کۆنتڕۆل بکرێ دوای دوو ساڵ بەتەوەوی نامێنێ.

 هەندێک لە منداڵان بە هۆکاری جیاواز توشی دەبن وەک ( کەمی کالسیۆم ودابەزینی شەکرە)، بەڵام بەشێک لە منداڵان بە هۆکاری بۆ ماوەیی توشی دەبن کە ئەگەری هەیە لە باوانەوە بۆیان مابێتەوە.

- ھۆکارەکانی گەشکە چی یە؟
1- بۆماوەیی
2- بەرکەوتنێک یاخود لێدانێک بۆ سەر
3- جەڵتەی دماغ
4- نەخۆشیەکانی پەردەی دماغ
5- ئیفلیجی مێشك
6- دابەزینی رێژەی شەکر لەخوێن دا
7- کەمی ڕێژەی کالسیۆم

-گه‌شكه‌ی منداڵ چۆن دەناسرێتەوەو نیشانەکانی چین؟

1- گرژبوونی ماسولکەکان بۆ چەند چرکەیەک.
2-  ڕاوەشاندنی ماسولکەکان
3-  وەستانی هەناسە یاخود گەستنی زمان
4- توانای کەمبوونەوەی ڕاگرتنی پیسایی و میز
5- شین بوونەوەی دەموچاو
6- هاتنە خوارەوەی لیک بە دەمدا

- بۆ چارە سەر کردن و لادانی مەترسی فێ، واتە گەشکە بەھۆی (تا)وە ئەم خاڵانەی خوارەوە رەچاو بکەن.

1- چاودێری کردن و پێوانی تا لە هەر ٤-٦ کاتژمێر جارێک.
2- بەکارهێنانی پەڕۆی تەڕ بەس بەسەر هەردوو دەست و قاچ و نێوچاوانی دابھێینە ،بەس نابێت لەسەر دەم و چاو دابنرێت و بمێنێتەوە لەسەری، چونکە ئەمە هەلەیەکی زۆر باوە دایکان بەکاری دەھێنن تەنها دەبێت وەکو مەساج بەسەری دابھێنن بە تایبەتی بەفر .
3- پێدانی بڕێکی زۆر لە شلە مەنی وەکو ئاو و شۆربا و خواردنی تەندروست.
4- بە کارهێنانی دەرمانی دژە تا، ئەوانەی دەبنە هۆی نزم کردنەوەی تا لە لەش باشترینیان وەکو حەبی پاراستۆڵ ،ئەویش بە گوێرەی تەمەن و جورعەی بۆیی دیاری دەکرێت لەلایەن پزیشکەوە .

کاتێك منداڵ تووشی گەشکە دەبێت پێویستە چی بکەین؟

لە کاتی گەشکەدا پێویستە ئەم چەند ھەنگاوە جێ بەجێ بکەین بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە ئازاردان و برینداربوونی منداڵەکە:

1- ئەگەر منداڵەکە بە وەستانەوە بوو یان لە شوێنێکی بەرز بوو پێویستە بە هێواشی و ووریاییەوە بیخەینە سەر ئەرزیەکی تەخت و پارچە پەڕۆیەکی نەرم و تەخت بخەینە ژێر سەری.
2- پێویستە هەموو شتێک کە لە دەوروبەریەتی لاببەین بۆ ئەوەی لە کاتی گەشکەدا زیان بە منداڵەکە نەگەیەنێت.
3- هەوڵ بدە منداڵەکە بخەیتە سەرلا بۆئەوەی هەموو ئەو لیک و دەردراوانەی دەمی بێتە دەرەوە لە دەمی.
4- پێویستە بە هیچ شێوەیەک فشار لەسەر لەشی منداڵەکە بەکار نەهێنیت ، بەتایبەتی دەمی منداڵەکە چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی شکانی ددان یان دەرچونی قۆڵی منداڵەکە.
5- لە کاتی گەشکەدا نابێت منداڵەکە زۆر بجوڵێنیت یان سەرەوخوار بیگریت.

 تێبینی: لە کاتی گەشکەدا پێویستە بەووردی سەرنجی ئەو شتانە بدەیت بۆ ئەوەی بتوانیت دواتر بۆ پزیشکەکەی باس بکەیت:-
-چۆنیەتی جوڵەی منداڵەکە لە کاتی گەشکەدا.
-گەشکەکە چەندی خایەند.
-پێش ئەوەی منداڵەکە گەشکە لێی بدات هەڵسوکەوتی منداڵەکە چۆن بوو.
-یەکسەر دوای گەشکە منداڵەکە چی لێهات، خەوت بۆ ماوەیەک؟ ، میزو پیسایی کرد بە خۆیدا؟
-سەرنجی منداڵەکە بدە بزانە لە کاتی گەشکەکەدا تووشی هیچ برینداریەک بووە.

- ئەو ھەڵانە چین کاتێک کە منداڵ تووشی گەشکە دەبێت دایکان ئەنجامی دەدەن؟

- هەندێک كات کەسێک توشی گەشکە دەبێت پارچەیەک قوماشی ڕەش دەدەن بەسەریدا ئەوە کردارێکی هەڵەیە و باشترە دووبارە نەکرێتەوە، چونکە ئەگەری هەیە کار بکاتە سەر هەناسەدانی منداڵەکە.

-یان ھەودەدرێت کە کۆنتڕۆڵی جوڵەی منداڵە بکرێ کەئەمەش ھەڵەیەو ئەگەری ھەیە ببێتە ھۆی شکانی ئێسك یاخود لەجێ چوون.


PM:09:08:20/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 5656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌