‌نەخۆشی گورگەسوورە چییە؟

وێستگە ستایل-


گورگەسوورە (SLE) تێكچوونێكە لە كۆئەندامی بەرگریدا. خانەكانی كۆئەندامی بەرگری هێرشدەكەنە سەر خانە تەندروستەكانی جەستە و تووشی هەوكردن و لەناوچوونیان دەكەن، دكتۆر سه‌روه‌ر پزیشكی ڕۆماتیزم و جومگه‌كان له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

ئەم نەخۆشییە كار لە زۆربەی سیستمەكانی جەستە دەكات و تا ئێستا چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەكرێ توندیی نەخۆشییەكە كۆنترۆڵ بكرێت. بەم پێیە دەبێ كەسی تووشبوو هەتا لە ژیاندا بێت لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزمدا چارەسەر وەربگرێت.

لە جومگەكاندا، گورگە سوورە دەبێتە هۆی ئاوسان و هەوكردن و ئازار. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا جومگەكانی هەردوولای جەستە وەك یەك تووشدەبن.

دەركەوتنی پەڵەیەكی شێوە پەپوولەیی لە روومەتەكاندا یەكێكە لە نیشانە گرنگ و جیاكەرەوەكانی ئەم نەخۆشییە.

بەگشتی پێستی تووشبووەكان بە هەتاو هەستیار دەبێت و ئەو شوێنانەی هەتاویان بەردەكەوێت تووشی سووربوونەوە و كزانەوە دەبن و دواجاریش دەبنە پەڵە. لەوانەیە ناودەمیشیان بریندار ببێت.

تەنكبوونی قژ یەكێكە لەو نیشانانەی گورگەسوورە كە دێت و دەڕوات. هەندێك كات هەموو قژ تەنك دەبێت، هەندێ جاری دیكە پەڵەیەكی قژی سەر بەتەواوی دەڕووتێتەوە.

لەو حاڵەتانەی هەموو قژ تەنك دەبێت، دوای كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە دووبارە ئاسایی دەبێتەوە. بەڵام ئەوانەی پەڵەیەكی قژیان تەواو دەڕووتێتەوە، ئیدی قژیان ناڕوێتەوە.

لە حاڵەتە توندەكاندا، ئەم نەخۆشییە كارێكی نەرێنی زۆر دەكاتە سەر گورچیلە و مێشك و خوێن و دڵ و ئەگەر بە وردی كۆنترۆڵ نەكرێت، كوشندە دەبێت.

گورگە سوورە زیاتر تووشی ئافرەتانی گەنج دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەرزیی ئاستی هۆرمۆنی مێینە رێگاخۆشكەرە بۆ تووشبوون بە گورگە سوورە. بەڵام دەكرێ لە پیاوان و كەسانی بەتەمەنیشدا رووبدات.

چارەسەری دەرمانیی بۆ ئەم حاڵەتە بریتییە لە كرێمی ستیرۆیدی و حەبی دژە هەوكردنی ناستیرۆیدی، لە حاڵەتە توندەكاندا دەرمانی لاوازكردنی كۆئەندامی بەرگری پێدەدرێت، تا وابكات هێرشەكانی ئەو كۆئەندامە بۆ سەر شانە تەندروستەكانی جەستە لاواز ببێت.


PM:09:29:19/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌