‌هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەکانی دڵ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-


گیران یا تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکانی دڵ دەبێتە هۆی لاوازبوونی گواستنەوە و جوڵەی خوێن لەو خوێنبەرانەدا کە خوێن بۆ بەشە جیاوازەکانی دڵ دەگوێزنەوە، ئەم نەخۆشیە دیارترین جۆری نەخۆشیەکانی دڵە. ڕەق بوونی خوێنبەرەکان سەرەکی ترین هۆکاریەتی و دكتۆر جیڤارا پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری دڵ و بۆریه‌كانی خوێن له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و چاره‌سه‌ر ڕونده‌كاته‌وه‌.

ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی سەرەکی بریتین لە :
1- بەرزی پەستانی خوێن بەتایبەتی ئەگەر چارەسەرکردنی پشتگوێ بخرێت.
2- بەرزبوونەوەی ڕێژەی چەوریەکان لە خوێندا.
3- کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی
4-  زۆر بەکارهێنانی خواردنی ناتەندروست
5-  بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری خواردنەوە کحولیەکان
6-  تووشبوون بە ژەهراوی بوونی سکپڕی
7-  نەخۆشی شەکرە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت
8- بوونی نەخۆشی ڕەق بوونی خوێنبەرەکانی پەلەکان
9- هۆکاری بۆماوەیی
10- پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام
11- جگەرەکێشان

هەروەها زانراوە کە پیاوان لەدوای تەمەنی ٤٥ ساڵیەوە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە وەک لە ژنان و هەروەها ژنان چانسی تووشبوونیان لەدوای تەمەنی ٥٥ساڵی زیاتر دەبێت.

ڕێگاکانی چارەسەر کردن:

1-چارەسەرکردن بەگشتی بەندە بە کۆنترۆڵ کردن و چارەسەری ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران، بەکارهێنانی دەرمانەکانی چارەسەری بەرزە پەستانی خوێن و چەوری و شەکرە، وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولیەکان، وەرزشکردن و بەکارهێنانی سیستەمێکی خواردنی تەندروست، پاراستنی کێش و ڕێگرتن لە قەڵەوی و ئەگەر ئەو رێکارانە سوودیان نەبوو ئەوا چارەسەری نەشتەرگەری و قەستەرەی دڵ کە مەبەست لێیان چارەسەرکردنی تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکانە و گەڕاندنەوەی بڕی پێویستی خوێنە بۆ هەموو بەشەکانی دڵ.

2- چارەسەر کردن بە شەبەکە و باڵۆن کە مەبەست لێی فراوان کردنی خوێنبەرە تەسکەکانەو دانانی شەبەکەی تایبەت بۆ رێگرتن لەتەسکبوونەوە و گیرانیان جارێکی تر.

3- نەشتەرگەری چاندنی دەمارەکانی دڵ کە لێرەدا بەڕێگەی نەشتەرگەری کردنەوەی سنگ(فتح صدر) هەموو ئەو خوێنبەرە گیراوانە بە چاندنی خوێنبەری تازە کە لە نەخۆشەکە خۆی وەردەگیرێت تێ دەپەڕێنرێن و خوێنی پێویست دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی دڵ.


PM:09:14:29/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 4188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل