‌نیشانه‌كانی ئەتککردنی منداڵان

وێستگە ستایل-

لەم چەند ڕۆژە هەواڵی دەست درێژیکردنی بەکۆمەڵ بۆسەر منداڵێکی ١٠ ساڵان هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وسۆشیاڵ میدیای تەنی، هەربۆیه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دكتۆره‌ لاڤه‌ پسپۆری نەخۆشی یەدەروونی یەکان له‌م بابەتەدا زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

خراپ مامەڵەکردنی منداڵان لەڕووی سێکسی یەوە یان ئەتککردن دیاردەیەکی بەربڵاوە بەپێی ئامارە جیهانی یەکان هەر ١ لە ٢٠ منداڵ تووش دەبن، کوڕو کچ هەمان ڕێژەی تووشبونیان هەیە بەڵام لەکچان بڵاوترە، زۆربەی جار دەست درێژی کار کەسی نزیکی منداڵەکەیەو لەماڵی منداڵەکە یان ماڵی دەست درێژی کار ڕوودەدات.

ئەتککردن کۆمەڵێک ڕەفتار دەگرێتەوە:

1- بەدەست هێنانی وێنەی ڕووتی منداڵان.
2- ڕووت کردنەوەی بەزۆرە ملێ، یان بەزۆر هاندان بۆ دەست پەڕلێدان.
3- ئەنجامدانی کرداری سێکسی لەبەرچاوی منداڵان یان سەیرکردنی وێنەی ڕووت.
4-  باسکردن، دابەزاندن، سەیرکردن، بڵاوکردنەوەی وێنەی سێکسی منداڵان.
5-هاندانی منداڵان بۆئەنجامدانی کردە سێکسی یەکان لەبەردەم کامێرا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
6- دەست بردن بۆشوێنە هەستیارەکانی منداڵان بەپۆشاکەوە یان بەڕووتی.
7- کۆتا خاڵ بریتی یە لە ئەنجامدانی کردەسێکسی یەکان.

نیشانەکانی ئەتککردن چی یە؟
کێشەی سەرەکی لەم بابەتە بریتی یەلەوەی منداڵان دەترسن بدوێن کاتێک تووشی ئەوحاڵەتە دەبن.ترس لەوەی باوەڕیان پێ نەکرێت یان هەڕەشەیان لێکراوە یان هەست بەتاوان دەکەن و وائەزانن خەتابارن.

1- گۆڕانی ڕەفتار: لەوانەیە منداڵان توندوتیژ دەرکەون، داببڕێت لەڕووی کۆمەڵایەتی یەوە، تووشی تێکچوونی خەو یان خۆتەڕکردن ببن.

2- خۆبەدوورگرتن لەدەست درێژیکاران: لەوانەیە منداڵان خۆیان بەدووربگرن یان بترسن لە هەندێک کەسی دیاریکراو.

3- دەربڕینە سێکسی یەکان: منداڵان ڕەفتاری سێکسی یان ووشەی سێکسی نەشیاو بەکاردەهێنن.

4-زیانی جەستەیی: سوور بونەوە،برینداربوون، یان هەوکردنی شوێنەهەستیارەکانی منداڵەکە یان هەندێکجار دووگیان بوون.

6- دابەزینی ئاستی خوێندن وکێشەلەخوێندنگا.

6- ئاماژە پێکردن: منداڵان لەوانەیە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئەتککردنەکە بکەن.

کام منداڵانە لەمەترسیدان؟
ئەومنداڵانەی لەڕابردوودا قوربانی دەست درێژی بوون ئەگەری زۆرە جارێکی تر ببنەوە قوربانی، منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت،ئەوخێزانانەی منداڵەکانیان فەرامۆش کردووە یان ئەومنداڵانەی بەبێ سەرپەرشتی سەیری ئیتەرنێت دەکەن.

کاریگەری ئەتککردن چی یە؟
منداڵان دووچاری کێشەی جەستەیی وەک نەخۆشی، برینداربوون، دووگیان بوون دەبن.
لەڕووی دەروونی یەوە لەداهاتوودا تووشی خەمۆکی، جۆرەکانی دڵەڕاوکێ،زەبری دەروونی، پەشێوییەکانی خواردن، خۆکوشتن....هتد دەبن.

چۆن ڕەفتار بکەم؟
کاتێک منداڵان باسی کێشەیەکی لەو جۆرەدەکەن باشتر وایە بەئاگایی یەوە گوێیان بۆبگیرێت، قسەکانیان بەهەند وەربگیرێت، تۆمەتبارنەکرێن بەدرۆ و قسەهەڵبەستن.بڕیاری شکات کردن یان نەکردن دەگەڕێتەوە بۆخانەوادەکە.پێویستە باوان خۆشەویستی و پارێزگاری بەمنداڵەکە ببەخشن وهەر زوو بگەیەنرێتە لای کەسانی پسپۆر بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی سەبارەت بەچۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵەکە. پێویستە باوان زیاتر لەمنداڵەکانیان نزیک بن و بایەخیان پێ بدەن، بەشێوەیەک پەروەردەبکرێن تاکو هیچ شتێکیان لێ نەشارێتەوەو هەموو کێشەیەکیان لاباس بکات.


PM:04:56:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 12312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌