‌هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری گرێی گورچیله‌

وێستگە ستایل-


گرێی گورچیلە بریتییە لە گەشەکردنێکی نارێکی کۆمەڵێک خانەی گورچیلە کە پێکەوە بارستەیەک دروست دەکەن پێی دەوترێ گرێی گورچیلە، دەکرێت ئەم گرێ یە شێرپەنجەیی یاخود نا شێرپەنجەیی بێت، دكتۆر هه‌ردی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی گورچیله‌ و كۆئه‌ندامی میز هۆكار و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ گورچیله‌ له‌م بابه‌ته‌دا باس ده‌كات.

ئەو ھۆکارانەی دروست بوونی گرێی گورچیلە زیاد دەکەن :

-جگەرەکێشان .
-قەڵەوی .
-پێشینەی خێزانی گرێی گورچیلە ( بۆ نمونە کەسێک لە خێزانەکەی توشی بوبێت پێشتر ) .
-ڕەگەز ( گرێی گورچیلە لە پیاواندا دووھێندەیە بە بەراورد لەگەل خانمان ئەمەش بەھۆی جگەرەکێشان و شوێنی کارکردنەوەیە ) .
-بەرزە پەستانی خوێن ( زەخت ) .

نیشانەکانی گرێی گورچیلە :
-بوونی میز بە خوێن .
-بوونی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت ، کەلەکەی لای راست یان چەپ .
-کەم بوونەوەی ئارەزووی خواردن .
-ھەست کردن بە ماندوێتی .
-دەبەزینی کێش بێ ھۆکار .
-ئارەق کردنەوەی شەوانە .
-دروست بوونی دەوالی گون بەتایبەتی لەلای چەپ کە دەبێتە ھۆی گیرانی خوێنھێنەری ھێلکەی گون .

 نزیکەی ٥٠٪‏ گرێی گورچیلە ھیچ نیشانەیەکی نیە و بەرێکەوت دەدۆزرێتەوە ، واتە کاتێک نەخۆش پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ نەخۆشیەکی تر بەرێکەوت دەردەکەوێت کە گرێی گورچیلەی ھەیە .

چۆن گرێی گورچیلە دەستنیشان دەکرێت ( تەشخیص) :
-پشکنینی میز بۆ دەستنیشان کردنی خوێن لە میزدا .
-سەرەتاییترین رێگە بریتییە سۆنەری گورچیلەکان .
-تیشکی مفراس ( CT scan - سی تی سکان ) .
-تیشکی موگناتیسی ( MRI ) .

*چارەسەری گرێی گورچیلە :
-چارەسەر بەندە لەسەر قەبارەی گرێ یەکە ، شوێنی گرێ یەکە ، جۆری گرێ یەکە ، تەشەنەکردنی گرێ یەکە بۆ شوێنێکی تری لەش .
-لەھەموو بارێک دا چارەسەر بریتییە لە نەشتەرگەری لەلایەن پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلەو میزومیزەرۆ.
-ئەگەر گرێ یەکە بچوک بێت ، ئەوە بە نەشتەرگەری تەنھا گرێ یەکە لادەبرێت .
-ئەگەر گرێ یەکە بکەوێتە بەشی سەرەوەی گورچیلە ئەوا بە نەشتەرگەری بەشی سەرەوەی گورچیلەکە و گرێ یەکە لەگەل رژێنی سەر گورچیلەکە لادەبرێت .
-ئەگەر گرێ یەکە لە بەشی خوارەوەی گورچیلە بێت ئەوا بە نەشتەرگەری بەشی خوارەوەی گورچیلەکە و گرێ یەکە لادەبرێت .
-ئەگەر گرێ یەکە گەورەبوو پەلی ھاویشتبوو بۆ حەوزی گورچیلە یان خوێنبەر و خوێنھێنەرەکانی گورچیلە ئەوا بەنەشتەرگەری ھەموو گورچیلەکە لەگەل گرێ یەکەدا لادەبرێت .
-پاش نەشتەرگەری گرێ یەکە دەنێردرێت بۆ پشکنینی شانەزانی .
-دواتر بە پێی ئەنجامی پشکنینی شانەزانی چارەسەر وەردەگرێت و چاودێری دەکرێت .

ئەو ھۆکارانەی ئەگەری دروست بوونی گرێی گورچیلە کەم دەکەنەوە :
-وازھێنان لە جگەرەکێشان .
-کۆنترۆڵ کردنی بەرزە فشاری خوێن .
-پارێزگاری کردن لە کێش رێکی جەستە .
-زیادکردنی میوە و سەوزە و کەم کردنەوەی چەوری لە بەرنامەی خۆراکی رۆژانەدا .


PM:07:26:12/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل