‌ئایا کۆرۆنا بە پشکنینی‌ خوێن دەستنیشان دەکرێت؟

وێستگە ستایل-


بەهۆی‌ ئەوەی‌ نەخۆشییەکە نوێیە، تا ئێستا کەمترین ڕێ دۆزراوەتەوە بۆ دەستنیشان و چارە کردنی‌ (کۆڤید-19). ئەو پشکنینەی‌ کە دەتوانرێت پشتی‌ پێ ببەسترێت و بە شێوەیەکی‌ بەربڵاو لە هەموو جیهان و لای‌ خۆشمان بەکاردەهێنرێت، بریتییە لەو پشکنینەی‌ کە لەڕێی‌ چوکڵێکی‌ سەر بە لۆکەوە نموونە لە دواوەی‌ لووت و ناودەم وەردەگیرێت، کە ئەمەش تەنها لە سەنتەرە حکوومییەکانی‌ تایبەت بە کۆڕۆنا هەیە. خەڵکی‌ بەدوای‌ بەدیلێکی‌ ئەو پشکنینە دەگەڕێن. هەندێک تاقیگەی‌ ئەهلی پشکنینێکیان دەستەبەر کردووە، کە پێی‌ دەوترێت COVID-19 IgG/IgM Rapid Test، لەڕێی‌ خوێنەوە دەکرێت و بە ماوەیەکی‌ کەم ئەنجامەکەی‌ دەردەچێت. خەڵکی‌ دەیانەوێت بزانن ئایا ئەو پشکنینە بنەمایەکی‌ زانستیی هەیە؟  دكتۆر زانا پزیشکی‌ پسپۆڕی‌ هەناو له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ پشكنینه‌ ده‌دات.

دكتۆر زانا ده‌ڵێت" لەشی مرۆڤ، هەر کاتێک تەنێکی‌ نامۆ -ڤایرۆس یەکێک لەوان- دەچێتە ناویەوە، (دژە تەن) دروست دەکات بۆ لەناوبردنی‌. لە هەفتەی‌ 1-3ی‌ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، دوو جۆرە دژە تەن (IgG & IgM) لە دژی‌ ئەو ڤایرۆسە دروست دەبن.

جا ئەم پشکنینی‌ خوێنە، بوون یان نەبوونی‌ ئەو بەرگرییە دەپێوێت کە دژی‌ ڤایرۆسەکە دروست بووە نەک هی‌ ڤایرۆسەکە، بۆیە کاتێکی‌ دەوێت (وەک وتمان 1-3 هەفتە) بۆ ئەوەی‌ دەربچێت، بەم جۆرە ئەگەرچی ئەوانەی‌ ئەو پشکنینەیان (پۆزەتیڤ) دەرچێت، مانای‌ وایە بە ئەگەرێکی‌ زۆر تووشی نەخۆشییەکە بوون، بەڵام ئەوانەی‌ کە پشکنینەکەیان (نێگەتیڤ) دەردەچێت، ناکات نەخۆشییەکەیان نییە، بەڵکو بۆی‌ هەیە هەیانبێت و هێشتا دەرنەکەوتبێت. جا کێشە ئەوەیە کە بە یەکێک دەوترێت پشکنینەکەت (نێگەتیڤ)ە، ئیتر وای‌ دادەنێت نەخۆشییەکەی‌ نییە و بەو هۆیەشەوە ئاگای‌ لەخۆی‌ نابێت، سەرەنجام حاڵی‌ خۆی‌ خراپتر دەبێت و نەخۆشییەکەش بۆ دەوروبەری‌ دەگوازێتەوە. هەر بۆیە ئەم پشکنینە لەلایەن وەزارەتی‌ تەندروستیی هەرێمەوە قەدەغە کراوە.

کێشەیەکی‌ تر ئەوەیە، هەندێک جار بەهۆی‌ هەندێک نەخۆشییەوە -بەتایبەت نەخۆشییەکانی‌ ڕۆماتیزم- بە هەڵە و بێ هەبوونی‌ کۆڕۆنا، (پۆزەتیڤ) دەدەچێت.

له‌ كۆتایدا ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت پشت بەو پشکنینە ببەسترێت بۆ دەستنیشان کردنی‌ نەخۆشییەکە. ئەنجامەکەی‌، ئەگەر (پۆزەتیڤ) بوو دەکات کەسەکە کۆڕۆنای‌ هەیە و هەفتەیەک زیاترە تووش بووە، ئەگەر (نێگەتیڤ) بوو، مانای‌ وا نییە نییەتی‌. بۆیە بە هیچ جۆرێک مەیکەن و پشتی‌ پێ مەبەستن."


PM:07:41:09/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌