‌ڤایرۆسی كۆرۆنا كوشنده‌یه‌ یان نا؟

وێستگە ستایل-

ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی‌ زۆر کەس بەدوای‌ وەڵامەکەیدا دەگەڕێن و بە تەواوی‌ بۆیان ڕوون نەبووەتەوە، چونکە دەبینن هەندێک کەس بە نەخۆشییەکی‌ مەترسیداری‌ دادەنێن و هەندێکی‌ تریش بە "هەڵامەتێکی‌ ئاسایی، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر زانا ئەحمەد پزیشکی‌ پسپۆڕی‌ هەناو وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

نەخۆشیی کۆڕۆنا، ڕێژەی‌ مردن پێی‌ ئەوەندە بەرز نییە، بەتێکڕا ناگاتە 4%. ئەمەش بەپێی‌ تەمەنەکان دەگۆڕێت، لەکاتێکدا کە بۆ کەسانی‌ خوار تەمەن 40 ساڵان ناگاتە 0،5%، بۆ کەسانی‌ 80 ساڵان 15% تێدەپەڕێنێت. ئەم ڕێژەی‌ مردنە بەبەراورد بە هەندێک نەخۆشیی تر، زۆر بەرز نییە، بۆ نموونە لە نەخۆشییەکی‌ وەک (MERS) کە ئەویش بەهۆی‌ ڤایرۆسێکی‌ هەمان گرووپی کۆڕۆناوەیە، ڕێژەی‌ مردن دەگاتە 34%، واتە نزیکەی‌ دە قاتی‌ ئەم کۆڕۆنایە. بۆیە لەم ڕووەوە کۆڕۆنا زۆر جێی‌ مەترسی نییە.

ئەی‌ ئەو ترسە لە کۆڕۆنا چییە؟! ترسەکە بەهۆی‌ ڕێژەی‌ مردنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی‌ بەرزیی توانای‌ بڵاوبوونەوەیەتی‌، کە تا ئێستا شتی‌ وا نەبینراوە. بە جۆرێک، وا دەبینین کە یەکێک تووشی دەبێت، چەندان کەس کە کەمترین بەرکەوتنیشیان لەگەڵی هەبووە، تووش دەبن. بۆیە تێبینی‌ کراوە، ئەگەر هیچ سنوورێک بۆ تێکەڵی دانەنرێت، ژمارەی‌ تووشبووانی‌ کۆڕۆنا تەنها لە هەفتەیەکدا لە یەک کەسەوە بەرز دەبێتەوە بۆ زیاد لە پێنج سەد کەس! جا بۆ نموونە: ئەگەر تەنها سەد کەس تووش ببن، ئەگەری‌ ئەوە هەبێت چوار کەس بمرن، ئەگەر ژمارەی‌ تووشبووان بووە دە هەزار کەس، ئەوە ژمارەی‌ مردووان دەبێتە چوار سەد کەس، کە ژمارەیەکی‌ زۆرە. ئەمە سەرباری‌ ئەوەی‌ نەخۆشخانەکان بە چارە کردنیان ڕاناگات.

بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە بێت نەخۆشییەکە بڵاو نەبێتەوە، جا تکایە لە ماڵ بمێننەوە و پابەندی‌ ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.





PM:02:11:31/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 5216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل