‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانیت توشی كۆرۆنا بویت یان نا

وێستگە ستایل-


بەوەڵامدانەوەی ئەم چەن پرسیارە کورتە ده‌توانن پشکنینێکی سەرەتایی خۆتان بکەن بۆ نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ:

1- ئایا لەم ماوەیەی (۱ مانگ)ی ڕابردوو سەفەری دەرەوەی وڵاتت کردووە یاخود بەرکەوتەی ڕاستەوخۆت (زیاتر لە ۱٥ خولەک) هەبووە لەگەڵ کەسێک کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بێت (لە تاقیگەی باوەڕپێکراوی مەڵبەندی سەرچنار پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بۆ کرابێت و ئەرێنی بوبێت) یاخود زۆر تێکەڵاوی خەڵک بوویت لە ماوەی ۱٤ ڕۆژی ڕابردوو بەبێ بەکارهێنانی ئامرازەکانی خۆپاراستن؟

ئەگەر بەڵێ ئەوە خاڵی ۲.۱ بخوێننەوە و واز لە خاڵی ۲.۲ بهێنن و مەیخوێننەوە.
ئەگەر نەخێر خاڵی ۲.۲ بخوێننەوە و واز لە خاڵی ۲.۱ بهێنن و مەیخوێننەوە.

۲.۱ـ ئایا بەگشتی ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوتووە، ڕیزبەندیەکە لە باوترین نیشانە بۆ کەمترین نیشانەیە (تای بەرز ـ سەروو ۳۸ پلە ـ ، کۆکە، هەناسە توندی، ئازاری سەر، ئازاری سەر سنگ، بێهێزی، کەمی ئیشتیها و سکچوون) یاخوود بە تەنها ئەم دوو نیشانەیە (تای بەرز (سەرو ۳۸ پلە) لەگەڵ کۆکە).

ئەگەر بەڵێ ئەوە تکایە دەستبەجێ خۆت جیابکەنەوە لە خانەوادەکەت، دەمامک ببەستە و دەستکێش لەدەست بکە و ئەگەر کۆکە یان پژمەت هەبوو کلێنسێکی پاک بەکاربهێنە، پێویستە ماڵەکەت هەمووی تعقیم بکرێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکە بە ژمارە ۱۲۲ یان سەردانمان بکە لە مەڵبەندی علی ناجی لە سەهۆڵەکە سەر و چێشتخانەی سەهۆڵەکە (بەتەنها تکایە کەس لەگەڵ خۆت مەهەێنە) لەڕێگا ئاگات لە برایانی ئاسایش و پۆلیس بێت بەهیچ شێوازێک لە هیچ کەسێک نزیک مەکەوەرەوە، کاتێک گەشتیت بە مەڵبەندی علی ناجی تکایە تێکەڵاوی قەڕەباڵغی سەرەی مەڵبەندەکە مەکەوە و داوای هاوکاری بکە.

ئەگەر نەخێر، ئەوە تکایە لە ژوورێکی تایبەتی خۆتان لە ماڵەکانتان خۆتان کەرەنتین بکەن بۆ ماوەی زیاتر لە ۱٤ ڕۆژ، بەهیچ شێوازێک تێکەڵاوی خانەوادەکانتان مەبن، ژوورەکەشتان جگە لە خۆتان هیچ ئەندامێکی تری خانەوادەکەت بەکارینەهێنێت، خواردن و خواردنەوەتان با جیابێت، ڕۆژانە چەن جارێک تعقیمی تەواوی ژوورەکەت و ماڵەکەتان بکەن، بەدەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی (تای بەرز، کۆکە) دەستبەجێ پەیوەندی بکەن بە ژمارە ۱۲۲.

۲.۲ـ ئایا بەگشتی ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوتووە، ڕیزبەندیەکە لە باوترین نیشانە بۆ کەمترین نیشانەیە (تای بەرز ـ سەروو ۳۸ پلە ـ ، کۆکە، هەناسە توندی، ئازاری سەر، ئازاری سەر سنگ، بێهێزی، کەمی ئیشتیها و سکچوون) یاخوود بە تەنها ئەم دوو نیشانەیە (تای بەرز (سەرو ۳۸ پلە) لەگەڵ کۆکە).

ئەگەر بەڵێ، ئەوە ڕەچاوی خاڵی (بەڵێ)ی ۲.۱ بکە.

ئەگەر نەخێر ئەوە لە ئێستادا نیشانەکانی نەخۆشی کۆرۆنای نوێتان نییە، تکایە پابەندی زیاتری ڕێنماییە تەندروستیەکان بن بەهیچ شێوازێک لە ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە، وای دابنێن هەموو کەس تووشبوە بەس ئێوە نەبێت، هەر کاتێک نیشانەی (تای بەرز و کۆکە) دەرکەوت دەست بەجێ ڕەچاوی خاڵی (بەڵێ)ی ۲.۱ بکە.

ئا: د. شوان فوأد عمر- پزیشکی گشتی.


PM:09:43:23/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 15284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌