پهیامێك بۆ ئهو دایك و باوكانهی منداڵیان ههیه
وێستگە ستایل-
گومانی تێدا نییە کە ئێوەی بەڕێز دڵسۆزترین کەسن بۆ منداڵەکانتان، وپێتان خۆش نییە ڕووبەڕووی بچووکترین ناخۆشی و نەخۆشیی ببنەوە. وە لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکی کتوپڕ بەسەر منداڵاکنتاندا، ئامادەن هەموو دنیا بگۆڕنەوە بە لەشساغی و تەندروستییان.
دكتۆر ئارام پزیشکی نیشتەجێی خولاو دهڵێت" ئێمەش وەک پزیشک لە بەشی فریاکەوتنەکاندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەیان حاڵەت دەبینەوە لەو رووداوە کتوپڕ و نەخوازراوانەی بەسەر منداڵاندا دێت. هەڵبەتە کەتن و ڕووداو بەسەر گەورەشدا دێت لە هەر کات و ساتێکدا، بەڵام دەمەوێت تیشک بخەمە سەر کۆمەڵە خاڵێک کە بەزۆری منداڵان دەگرێتەوە و بەتایبەتی ئەوانەی لە تەمەنێکی بچووکدان."
لەو حاڵەتانەی کە زۆر باون:
1- قووتدانی تەنی دەرەکی، جا چ پارچەیەک بێت لە بووکەشووشە و یاری منداڵان، چ باتری و دەرزی و شتی تر بێت کە مەترسیدارن. یاخود خواردنی دەرمان و شروب و نەوت و ماددەی کیمیایی.
2- برینداربوونی سەر و ڕوو و چاو و لووت و ناودەم.
3- برینداربوونی جەستە و پەلەکان لەکاتی یاری کردن، وەرزش کردن، یان بەگژدا چوونەوە.
4-چوونە ژوورەوەی تەنی دەرەکی بۆناو لووت و گوێ.
لەگەڵ چەندین حاڵەتی هاوشێوە کە ڕۆژانە ڕوودەدەن و سەردانی بەشی فریاکەوتنەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنیان.
دایکان و باوکانی بەڕێز:
هەنگاوی یەکەم لە بەڕێزتانەوە دەست پێدەکات. لە چاودێری کردن و پاراستنی منداڵەکانتان لەو مەترسیانە پێش ئەوەی ڕوو بدەن، لێرەدا چەند خاڵ و ڕێنماییەکتان بۆ ڕوون دەکەمەوە کە ئەگەر جێبەجێی بکەن، ئەوا زۆرێک لەو ڕووداوانە كەمدەبنەوە:
یەکەم: سەلامەتی لە ناوماڵ
1- دانانی دەرگا بۆ سەلامەتی لە خوارەوە و سەرەوەی قادرمەکان کە منداڵ نەتوانێت بیکاتەوە و بەسەر قادرمەکاندا سەرکەوێت دوور لە چاودێری کەسی گەورە.
2- دانانی گڵۆپ و ڕووناککەرەوەی پێویست لەسەر قادرمەکان.
3- دانانی کوشنی نەرم لە لێوارە تیژەکانی ناوماڵ و قەراغی کەلوپەلە سەختەکان.
4.-دانانی چەقۆ و کەوچک و قاپ وهتد لەناو چەکمەچە تاکو بە ئاسانی منداڵ دەستی پێیان نەگات.
5- هەڵگرتنی دەرمان و مەیکەپ و ماددەی پاککەرەوە و هاوبابەتەکانیان لە شوێنێک کە دووربێت لە دەستی منداڵ.
6- هەڵگرتنی مووروو و قۆپچە و دەرزی و بزمار و چەکوش و هاوشێوەکانیان لە شوێنی تایبەت.
دووەم: سەلامەتی یارییەکانی منداڵ
1. تکایە هەموو ڕێنماییەکان کە نووسراون لەسەر پاکەتی بووکەشووشە و یارییەکان بە وردی بخوێننەوە و وەک خۆی جێبەجێی بکەن.
2. دوورکەونەوە لە کڕینی ئەو یارییانە کە لێواری تیژ و دەنووک و دەرپەڕیوی دڕک ئاسایان هەیە.
3. ئەو یارییانەی بۆ منداڵی تەمەن گەورەتر دروست کراون با منداڵی بچووک بەکاریان نەهێنێت. چونکە پارچەی بچووکیان تێدایە و دەبێتە هۆی مەترسی بۆیان.
4. دوورکەونەوە لەو یارییانەی پارچەی پەڕیو و هاویشتنیان تێدایە، چونکە ئەم جۆرە یارییانە مەترسیان هەیە بۆ سەر منداڵ لەهەموو تەمەنەکاندا، وبەتایبەتی بۆ خوار پێنج ساڵ.
5. ئاگاداری ئەو یارییانە بن لە هۆڵ و شوێنەکانی یاریکردن کە مەترسی ئەوەیان هەیە بچن بەچاوی منداڵدا.
6. بەهەموو شێوەیەک دەمانچەی مووروو قەدەغەیە بۆ منداڵ.
7. ئاگاداری پیل و باتری ناو یارییەکان بن چونکە جگە لەوەی کە ئەگەری قووتدانیان هەیە لەلایەن منداڵەوە، پێکهاتەی ژەهراویشیان تێدایە لەکاتی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا.
8. پێش ئەوەی بووکەشووشە و یاریی کۆن بدەیتە دەست منداڵەکەتەوە، بە وردی لێی بڕوانە لە بوونی پارچەی شکاو و بچووک و تیژ و قۆپچەی شلبوو تێیاندا.
سێیەم: سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلدا
1. بەکارهێنانی کورسی تایبەت بە منداڵ لەناو ئۆتۆمبێلدا و بەستی قایشی سەلامەتی هەموو کاتێک.
2. منداڵی خوار تەمەن ۱۲ ساڵ بەهیچ شێوەیەک نابێت لەپێشەوەی ئۆتۆمبیلدا سەربکەوێت.
3. کەلوپەل و ئامێرەکان بخەنە سندووقی ئۆتۆمبیلەوە چونکە لە کاتی ڕووداوی کتوپڕ و پێکداداندا، ئەم تەنانە ئەبن بە تەنی فڕیو و مەترسی دروست دەکەن لەسەر ژیانیان.
AM:09:17:20/01/2020
ئهم بابهته 3864
جار خوێنراوهتهوه