‌له‌م كاتانه‌دا جوڵه‌ی‌ زۆری منداڵ ناته‌ندروسته‌

وێستگە ستایل-


یەکێک لە نیشانە بەربڵاوەکانی تەمەنی منداڵی بریتییە لە جوڵە جول و هەڵسورانی زۆری منداڵان. ئەم نیشانە لەناو زۆر منداڵدا هەیە و ئاساییە هەروەکو وتراوە "مندال واتە جوڵە"، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر جەعفەر عومەر پزیشکی نەخۆشییە دەرونیەکان ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌ست نیشان ده‌كات كه‌ تیادا فره‌ جوڵه‌ی‌ منداڵ به‌ حاڵه‌تێكی نائاسایی باس ده‌كرێت.


چی کاتێک ناتەندروستە؟
هەندێکجار ئەم جوڵه‌ زۆرییە هێندە زیاد دەبێت کە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و زیان بە منداڵه‌کە دەگەیەنێت. جوڵە زۆری ئەگەر بەمشێیوەی خوارەوە بوو، دەتوانین پێیبلێین (جولەزۆری نەخۆشی)، پێویستە چارەسەر وەربگرێت:

1- منداڵ نەیتوانی خۆی کۆنترۆڵ بکات و بەردەوام و هەموو کات و ساتێک لە جوڵه‌دابوو، وەکو ئەوەی بڵێیت مەکینەیە و کاردەکات و ناکوژێتەوە.

2- لە هەموو شوێنێک ئەو جوڵە زۆرەی هەبوو، بەشێیوەیەک لە قوتابخانە، ماڵه‌وە، میوانی، کوڵان، .. هەر جوڵەی زۆر و زیادی هەبێت.

3-ئەم جوڵه‌ زۆرییە بە ئامۆژگاری و بیرخستنەوە نەگۆرێت و باش نەبێت.

4- جوڵە زۆرییەکە کاریگەری خستبێتە سەر ژیانی منداڵەکە بۆنمونە فێربوونی لە قوتابخانە دوابخات یان ببێتە هۆی شەر لەگەل منداڵانی دیكه‌.

5- جگە لە جوڵه‌ زۆریی منداڵه‌کە چەند نیشانەیەکی تری هەبێت وەکو هەڵپه‌ی و شەرەنگێزی و بێگوێی .

 چی دەبێتە هۆی جوڵه‌ زۆری نەخۆشی؟
منداڵان لە تەمەنی خوار ٤ ساڵیدا بەهۆی ئەوەی کە توانای کۆنترۆڵی خودیان لاوازە، ناتوانن کۆنترۆڵی جوڵه‌کەیان بکەن. هەروەها زۆر حاڵه‌ت و نەخۆشی لە تەمەنی منداڵیدا ئەم نیشانە دروست دەکات:

- نەخۆشی جولەزۆری کەمتەرکیز ( ADHD)
- شلەژانی بێگوێی و لاساری ( ODD)
- دواکەوتەی گەشەی ژیری (Intellectual disability)
- ئۆتیزم.
- نەخۆشی جەستەیی وەکو نەخۆشی هۆرمۆنی پەریزاد (غودەی مل)

چۆنیه‌تی چارەسەر:
لەکاتێکدا کە جولەزۆری دەبێتە گرفت و پێویستی بە چارەسەر هەیە، چارەسەرەکانی بریتین لە:

1- چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم نیشانە دروستبکات.
2- راهێنانەوەی رەفتاری لەسەر بنەمای پاداشت و سزا، کە لە لایەن دایبابەوە دەکرێت.
3- چارەسەری رەفتاری لەگەل منداڵ، لەلایەن چارەسەرکاری دەرونییەوە بەشێووەی تاک و کەسی.
4-ڕاهێنان بە دایباب لەسەر چۆنییەتی مامەڵه‌ کردن لەگەل منداڵەکە.
5-بەکارهێنانی دەرمان بۆ هەندێک حاڵه‌ت.


PM:12:25:07/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 17836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌