‌هۆكار و نیشانه‌كانی ئاوسانی سك و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-


تووندبوون و هەستانی سک کەدەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ کەسەکە، حاڵه‌تێكی بێزاركه‌ره‌ و له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ئاراز عاصی‌ پسپۆڕی‌ نەشتەرگەری‌ گشتی‌ دیارترین هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ره‌كانی ئاوسانی سك باس ده‌كات.


هۆکارەکان :
غازاتی ناو سک لە دوو ڕێگا سەرچاوە دەگرێت :
دەرەکی: کاتێک بڕێکی زۆر هەوا قووت دەدرێت،؛ بۆ نموونە :
1- نانخواردنی بەپەلە.
2- خواردنەوە گازییەکان.
3- خێرا خواردنه‌وه‌ی‌ ئاو، باشترە ئاو بە مژینەوە بخورێتەوە.
4- بنێشت جوین و مژینی شەکرۆکە، بەهۆی تف خواردنەوەی زۆر.
5- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
6- جگەرەکێشان.
7- کێشەی ددان، دەبێتە هۆی کەم جوینی خواردن بەهۆی ژان یان نەبوونی ددان وەک لە بەساڵاچووان.
8- لە منداڵی ساوا، کاتێک لێوەکانی تەواو جووت نابن لەسەر گۆی مەمک (سروشتی یان لاستیکی).

ناوەکی: واتە غازات بەهۆی ڕیخۆڵەکانەوە دروست دەبێت بە میکانیزمی جۆراوجۆر :
1- شەکری سیانی: (ئاوێتەی گلوکۆز+گالاکتۆز+فرەکتۆز) : سەرچاوە خۆراکییەکانی بریتین لە" کەلەرم، بڕۆکۆلی، توور، گێزەر"
2- پاقلەمەنییەکان: پاقلە، نۆک، لۆبیا، فاسۆلیا.
3- پیاز، سیر.
4- شیرەمەنییەکان: شیر، ماست، پەنیر، ئایس کرێم.
5- خواردنەوە گازییەکان و کحولییەکان.
6- دەرمانەکان: پڕۆفین، دژەچەورییەکان، دژە کەڕووەکان.
7- دانەوێڵەکان وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی.
8- میوەکان وەک سێو، قۆخ، هەرمێ، مێوژ.

چۆن غازات دروست دەبێت؟

گازی ناوسک دروست دەبێت لە ئەنجامی تێکشکاندنی گەردیلەکانی خواردن لەلایەن بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو قۆلۆن. نزیکەی 99%ی گازی ناوسک بێ بۆنە و پێک دێت لە ئۆکسجین، هایدرۆجین، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میپان. گازی نایترۆجین لە هەوای قووتدراو سەرچاوە دەگرێت.

تەنها 1%ی گازی ناو سک بۆن دروست دەکات بەهۆی بوونی ماددەی گۆگرد لە پێکهاتەکەیدا کە بەشێوەیەکی سەرەکی سەرچاوە دەگرێت لە، گۆشتەمەنییەکان، هێلکە، بەرهەمەکانی شیر بە تایبەتی پەنیری شیدەر، چەرەزات، چۆکۆلات (نەستەلە) ، سیر، پیاز، بڕۆکۆلی، قەڕنابیت، کەلەرم.

ڕۆژانە نزیکەی 400-1400 مل گاز لەناو قۆلۆن بەرهەم دێت بە پێی جۆری ئەو خواردنانەی باسمان کرد. هەروەها زۆرترین قەبارەی گاز بەیانیان دەبێت چونکە بەکتریاکانی ناو قۆلۆن کاتێکی زیاتریان دەبێت بۆ شیکردنەوەی بەرماوە خواردنییەکان، بەمەش گازێکی زیاتر بەرهەمدێت.

بۆچی هەندێک کەس زیاترغازات دەکەن؟

هەندێک کەس هەستیارترن لە هەستکردن بە ژانەسک و غازاتی ناو سک، ئەوەیان جێگەی مەترسی نییە، بەڵام هەندێک جاریش پێویستی بە راوێژی پزیشکی پسپۆڕ هەیە لەم حاڵەتانەدا:

1- قەبزی یان سکچوونی درێژخایەن.
2- بوونی خوێن لەگەڵ پیسایی.
3- لەدەستدانی کێشێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا.
4- دڵەکزە.

دەستنیشانکردن:

1- باشترین ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری غازات بریتییە لەوەی ئەو کەسە ئەو بابەتە تەرک بکات کە گومانی هەیە هۆکاری غازاتەکە بێت، خواردن یان خواردنەوە.

2- هەستیاری بە شیروبەرهەمەکانی Lactose intolerance ئەوەیان چەند ڕێگایەکی هەیە بۆ دەستنیشانکردن :

یەکەم: خواردنەوەی کوپێک شیر بەیانی لەسەر سکێکی بەتاڵ، پاش نزیکەی دوو كاتژمێر دەبێتە هۆی ژانەسک و ئاوسان و هەندێک جاریش سکچوون.
دووەم: پشکنینێکی Lactose intolerance test
سێیەم : پشکنینی Hydrogen breath test

- هەستیاری بە گەنم Celiac disease
یەکەم : پشکنینی خوێن: لە جۆری EMA-IgA، anti-tTG
دووەم : نازووری مەعیدە بۆ وەرگرتنی پارچەیەک لە شانەی ڕیخۆڵە بچووکە و شیکردنەوەی لە تاقیگە.
- پشکنینی پیسایی بۆ دیاریکردنی هەوکردنی ڕیخۆڵەکان بە هۆی مشەخۆری Giardia lamblia، E. histolytica
- نازووری قۆلۆن : بۆ گومانی هەبوونی هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵەکان Inflammatory bowel disease یان شێرپەنجەی قۆلۆن.
- پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی برینداربوونی گەدە و دوانزەگرێ.

نیشانەکانی چین؟
1- ژانەسک ، بەتایبەتی لەلای چەپی سک.
2- تووندبوون و هەستانی سک.
3- زۆر قڵپ هاتنەوە.
4- هەناسەتەنگی.
5- خوڕخوڕێکی زۆر.
6- هێڵنج و دڵ تێکچوون.

ڕێگاكانی خۆپاراستن لە دروستبوونی غازات:

1- لەکاتی نانخواردن، دەبێت لەسەرخۆ خواردن بخورێت، باش بیجوێت ئینجا قوتی بدات (چونکە گەدە ددانی تێدا نییە).
2- بە چ خواردنێک تێکچوویت مەیخۆ ئەگەر نا باجەکەی دەدەیت.
3- دوورکەوە لە خواردنە گازییەکان و کحولیەکان.
4- وەرزش و ڕێکردن.
5- خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو بەیانیان زوو، دوو كاتژمێۆ پێش یان پاش نانخواردن.
6- کەمکردنەوەی ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر گۆگردیان تێدایە وەک گۆشت، هێلکە، قەڕنابیت.
7- پاقلەمەنییکان دەبێت باش و بۆماوەیەکی درێژ بکوڵێن. کوڵاندنی باش ڕێژەی شەکرە ئاڵۆزەکان کەمدەکاتەوە بەوەش گازێکی کەمتر دروست دەبێت.
8- قەبزی چارەسەر بکە.

چارەسەر:
- دوورکەوتنەوە لە هۆکارە سەرەکیەکان.
- Dimethicone, Simethicone, Charcoal, Metoclopramide


AM:09:23:04/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌