هۆکارەکانی برسیبوون بەشێوەیەکی بەردەوام
وێستگە ستایل-
برسێتی و تێری دوو هەستن کە ڕۆژانە هەستیان پێدەکەین و بەدرێژایی ژیان لەگەڵ ئەو دوو هەستەداین، لەکاتی برسێتی هەوڵدەدەین خۆمان تێر بکەین و کە تێربووین دەست هەڵدەگرین.
هەندێک کەس ماندوو و بێزاردەبن لەوەی بەردەوام هەست بە برسێتی دەکەن و ناچاردەبن خواردن بخۆن، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی کێشیان.
هۆکارەکانی بەردەوامی برسێتی
1-کەمخەوی هۆکارێکی سەرەکیە، چونکە زیان بە هۆڕمۆنی برسێتی دەگەیەنێت و زیادی دەکات بەڕێژەی لە %30 کە ناسراوە بە "گریلین" لە گەدەدایە، لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر شەکری خوێن دروستدەکات، بەرهەمی ئەنسۆلین کەم دەکاتەوە، هەموو ئەمانەش هۆکاری هەستکردنن بە برسێتی.
2-زیادەڕەویکردن لە ئەنجامدانی وەرزش و ڕاهێنان، چونکە ڕێژەی ئەو هۆڕمۆنانەی بەرپرسن لە برسێتی بەرزدەکاتەوە، هەر بۆیە پسپۆڕان ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن دوای وەرزش خواردنی تەندروست بخۆن.
3-زۆر کارکردن و ئارەقکردنەوەو ماندووبوون، هۆکارێکە بۆ کردنەوەی ئارەزووی خواردن، چونکە هۆڕمۆنی دڵەڕاوکێ "کۆرتیزول" زیاد دەکات، بیرکردنەوەی زۆریش هۆکارێکە بۆ برسێتی.
4-کەمی ئاو خواردنەوە، کاتێک هەست بە برسێتی دەکەیت پێش هەموو شتێک ئاو بخۆرەوە، چونکە زۆرکات هەستکردن بە برسێتی لە ئەنجامی کەمی ئاوە لەلەشدا، بەڵام هەست بە تینوێتی ناکەیت و لەشت پێویستی بە شلەمەنیە.
5-خواردنەوە کهولیەکان، ڕێژەی هۆڕمۆنی گریلین کە بەرپرسە لە برسێتی بەرزدەکەنەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیاتر برسیبوون، جگەلەوەش لەکاتی خواردنەوەی کهولدا بە خۆراکی وەک چەرەسات و شتی سووک گەدە تێردەکەیت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی زوو برسی بیتەوە.
6-بەگوێرەی توێژینەوە زانستیەکان نانی بەیانی زۆر گرنگە و پێویستە بایەخی پێ بدرێت و بخورێت، چونکە نەخواردنی هۆکارێکە بۆ برسێتی بەردەوام و قەڵەوی.
7-شیرینی و خواردنە خێراکان و جپسی پەتاتە و پسکیت بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە و موغەزی نییە بۆ لەش، هەر بۆیە بۆ ماوەیەکی کەم تێرتدەکات و زوو برسی دەبیت.
8-برسیبوون بۆ ماوەیەکی زۆر کاردەکاتە سەر هۆڕمۆنی لیبتین کە بەرپرسە لە هەستی تێری، زیانی هەیە و هۆکارێکە بۆ زوو برسیبوونەوە و ئارەزووکردنی خواردن.
9-هاوبەشیکردنی خواردن لەگەڵ هاوڕێ و دۆست و کەسەکاندا بە قەرەباڵغی لەدەرەوە بە خواردنی ناتەندروست، هۆکارێکە بۆ دووبارە برسیبوونەوە، هەر بۆیە هەوڵبدە خواردنی تەندروست و گونجاو هەڵبژێریت.
PM:12:37:08/10/2019
ئهم بابهته 3408
جار خوێنراوهتهوه