ڤاکسینی (پێکوتە-لقاح)ی ئەنفلەوەنزا چییە؟
وێستگە ستایل-
نەخۆشیی ئەنفلەوەنزا نەخۆشییەکی ھەوکردنی ڤایرۆسیی درمی (معدی) باوە، ساڵانە بە ھەزاران کەس لەسەرتاسەری جیھان بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە تووشی پەککەوتن و مردن دەبن، ھۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆگۆڕینی شێوەیی ڤایرۆسەکە کە لە زاراوەی پزیشکییدا بە (Mutation ) ناودەبردرێت، دكتۆر زانا دزەیی پسپۆڕی ھەناو لهم بابهتهدا وردهكاری ئهم ڤاكسینه و نهخۆشی ئهنفلوهنزا ڕوون دهكاتهوه.
ئەنفلەوەنزا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، واتا لەوانەیە کەسەکە تەنھا ھەڵامەتێکی زۆر بە ساددهی ھەبێ (لووت گیران و سووربوونەوەی یاخود ئاوکردنی لووت و تبکچوونی ھەستی بۆنکردن، ئەمەیان بەتەنیا بە ئەنفلەوەنزا دانانرێت)، کەسێکیش لەوانەیە بە ھۆی ئەنفلەوەنزاوە تووشی لێکەوتی ترسناک و مردن ببێت.
نموونەی ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا (ئەنفلەوانزای باڵندە و بەراز و حوشتر) کە لە دەیەی ڕابردوودا بە مەترسیدارتریین نەخۆشی درمی گوێزەرەوە ئەژمارکران لەلایەن ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانییەوە.
باسەکەی ئێمە لێرە ڕێگاکانی خۆپاراستنە لە ئەنفلەوەنزا بەتایبەت کەئێستا وەرزی ئەکتیڤی ئەو ڤایرۆسەیە.
دكتۆر زانا دهڵێت" دەمەوێ لە چەند خاڵێک کورتی بکەمەوەو بە درێژیی تیشک بخەمە سەر ڤاکسینی (لقاح)ی ئەنفلەوەنزا."
1- ھەتا بکرێت پاک و خاوێنی دەست و شتومەکی خاوێن کردنەوەو خاولی و فڵچەی ددان و قاپ و قاچاخ گرنگی پێ بدرێت.
2- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەڕەباڵغ.
3-خۆبەدوورگرتن لە لەباوەش گرتن و ماچکردن و نزیک بوونەوە لە کەسانی تووشبوو.
4- زۆر خواردنی میوەجات و سەوزەوات، بەتایبەتی مزرەمەنییەکان، نەخواردنی خواردن و خواردنەوەی دانەپۆشرا و سەر عارەبانە.
5-خۆپاراستن بە ڕێگای دەرمان: دوو جۆر دەرمان ھەیە:
-کەپسولی (تامیفلو ٧٥ملغم)، ئەو دەرمانە بۆ کەسی تووشبوو بە ئەنفلەوەنزا پێویستە لە ٤٨ کاتژمێری یەکەمی نیشانەکان بەکاربێت و بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام بێت. بەڵام بۆ ئەوکەسانەی بەھەرھۆکارێگ نزیک بووبن لەکەسی تووشبوو ئەوا پێویستە دەستبەجێ ئەو کەپسولە وەربگرن بۆ ماوەی ١٠ڕۆژ.
ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا: ئەم ڤاکسینە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٣ بەکارھات و دوایی ڕێکخراویی (WHO ) لە ساڵی ١٩٧٨ وەک ڤاکسینێکی زەڕوڕی بۆ دژەئەنفلەوەنزا ناساند.
چۆن بەکاربێت؟
1-بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە شەش مانگ زیاترە، تەنھا ساڵی یەک جار پێویستە دەرزی ڤاکسینەکە لەدەستپێکی پایز و یاخود وەرزی سەرما بەکاربێت.
2-خانمی دووگیان (سکپڕ) دەتوانێت بەکاریبێنێت.
3-ئەم دەرزیە بە شێوەیەکی گشتی دەرمانێکی بێ كێشهیه و لێکەوتە نهرێنیهكانی زۆر کەمە، لە ڕێگای ژێرپێست یاخود ماسولکەکانەوە بەکاردێت.
4- ئەم دەرزیە بۆ ئەو کەسانە ناشێت کە ههستیاری (حساسیە)یان بە ھێلکە ھەیە.
5- ئامۆژگارییم بۆ تۆی خوێنەر بە تایبەتتر ئەوانەی (نەخۆشی دڵ و ھەوکردنی درێژخایەنی سییەکان و نەخۆشی شەکرە و ڕەبۆ و جگەرەکێشن) ئەوەیە کە لە سەرەتای وەرزی پایز، پێویستە ئەو ڤاکسینە وەربگریت.
خۆشبەختانە ئێستا لە بەشێکی بنکە تەندروستییەکان و سەنتەری، نەخۆشییە گوازراوەکان ئەو ڤاکسینە بەردەستە.
AM:10:39:09/09/2019
ئهم بابهته 8024
جار خوێنراوهتهوه