‌شانۆیی ماڵی بووکەڵەیەک لە نمایش بەردەوامە

وێستگە ستایل-

شانۆیی ماڵی بووکەڵەیەک لە نوسینی هێنریک ئیپسن و دەرهێنانی رەنج مستەفا رۆژانە لە شاری سلێمانی لە نمایش بەردەوامە. 

رەنج مستەفا، دەر‌هێنەری شانۆییەکە بە وێستگەی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی هەشت مانگ لە پرۆژەی شانۆییەکەدا بووین، ماوەی سێ رۆژە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە نمایشی شانۆییەکە دەستیپێکردووەو تا ماوەیەکی دیکە نمایشی بەردەوام دەبێت. 

شانۆیی ماڵی بووکەڵەیەک بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی نمایس دەکرێت و لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرایەتیەوە بوودجەی بۆ تەرخانکراوەو تێچووی کارەکانی لە ئەستۆ گرتووە  و رۆژانە شانۆیەکە لە هۆلی رۆشنبیری سلێمانی کاتژمێر 6 ئێوارە پێشکەش دەکرێت.

لەم شانۆییەدا پێنج ئەکتەر بەشداری دەکەن کە پێکهاتوون لە هەریەک لە سێوە عەتا، نوا غەفار، شڤان مۆریس، ژوان جەلال، رێکار بارزان، هاو کات دوو کەسیش بەپێی دیمەنەکانی شانۆییەکە تەختەی شانۆ رێکدەخەن و هاوکاری نمایش دەکەن و لەکاتی پێویستدا دیکۆر دەگۆڕن. 

کاری سینۆگرافیای شانۆییەکە لەلایەن شیروان خان ئەنجامدراوە و ئاریۆس موزیکی شانۆییەکەی ئامادە کردووە. 

دەربارەی بابەت و تێمای شانۆییەکە، رەنج مستەفای دەرهێنەر بە وێستگەی وت، "پێمانخۆشە زۆرترین کەس بێتە هۆڵی نمایش و شانۆییەکە ببینێت چونکە دەقی شانۆکە کۆمەڵێک بابەتی زۆر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە وەک کێشەی خێزانی، کێشەی ئابوری بەتایبەتی قەرز، دوژمنایەتی لەسەر پلە و پۆست، هەروەها خۆشەویستی ژنان، بەڵام هێڵی سەرەکی شانۆییەکە دەربارەی شۆڕشی ژنانە لەپێناو ئازادیدا". 

ش . ر 


PM:03:47:03/09/2019




















ئه‌م بابه‌ته 5392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل