‌هاوسەرگیری بەندایەتی نیە ، بەڵکو (شکۆ)دانە بەیەکتری

وێستگە ستایل-


شێخی سەعدی لە (دیباجە)ی (گوڵستان)ەکەیدا، باسی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکات و دەڵێت لە شام بووم، هەوای چونە قودس یای لەسەرم و دەی ملی کوێرە دەشتم گرتە بەر،لە ڕێیێ فەڕەنگم توش هاتن،گرتمیان و بە کۆیلەیی بردیانم، کارێکی زەحمەتە شاعیر بیت و بتگرن بتکەن بە کۆیلە، بە هەرحاڵ دەڵێت لە تەڕابلوس بێگاریان بێ دەکردم، بەڵام پاش ماوەیەک لەکاتی کۆیلەیی و بێگاریەکە،یەکێك لە دۆست و کۆنە کاربەدەستەکانی حەلەبم توش بوو،گوتی سەعدی ئەوە چ حاڵێکە کە تۆی تێدای ؟ دەی منیش دەستم کرد بەگریان و گوتم ئەمە حاڵ و ئەوە وەزع بە نەزانی دوای هەوای نەفس کەوتم ، دەڵێت لە دەستی فەڕەنگانی ڕزگار کردم بە دیناریك منی کڕیەوەو واقیعەن بێحەد مەمنونی بووم.

شێخی سه‌عدی ده‌ڵێت" هێنامیەوە بۆ حەلەب و کچێکی هەبوو لێی مارە کردم،چ پیاویك بوو خودایه ،خۆ ڕزگاریشی کردم و کچی خۆشی لێ مارە کردم، دەی ڕۆژ هات و ڕۆژ چوو،ژن ژن نەبوو،وەک ئەڵێن (ژان بوو) ،واقیعەن حەوشەو ماڵم ببوە دۆزەخ لەبەر بۆڵەو فڵتەی کچی کابرای ڕزگارکەرم"

دەڵێت" نەمەوێرا قسەیە بکەم ده‌یوو،دە دانیشە تۆ هەر ئەوە نەبووی کە باوکم بە دینار لە کۆیلەیی فەڕەنگانی ڕزگاری کردیت؟"

شێخ ده‌ڵێت" کە گەیشتە تین و تەڵاق منیش پێم وت، بەڵێ،واقیعەن من هەر ئەوەم کە بابت بە دینارێک لە کۆیلەیی فەڕەنگی نەجات دام و بە سەد دیناران منی کردە کۆیلەی تۆ کە لە فەڕەنگ خراپتربوویت، ماڵت ئاوابێ لە جنگی گورگی فەڕەنگت دەرهێنام بۆچی؟لەبەر خۆم؟نا،لەبەر ئەوەی بمخەیە چنگی گورگێکی گەورەتر،کە ئەم 
ژنە بوو ( جا ئەمە تەبعەن پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ ئافرەتیش هەمان دۆخە) "

مەڕەکان لە سەرەمەرگا دەیان ووت " ئەو ڕۆژەی قەساب ئێمەی لە گورگ پاراست نەمانزانی خۆی چەقۆ بە ملماندا دێنێت"

تێبینی :-بۆ ئەوەی پەیامەکە بە هەڵە نەگات :-
1- سەدان هەزار هاوسەر بێ کێشە دەژین کەواتە خودی پرۆسەی هاوسەرگیری گرفتەکە نیە تا لەو پرۆسەیە بترسین ، بەڵام هەزاران کەسیش ئومێدێکی زۆریان بە هاوسەرگیریدا هەڵواسیوە و پێیان وایە هەر ئەوەندە لە گەڵ کچێک یان لەگەڵ کوڕێک یەکتری بناسن و لە ماڵی باوان رزگاریان ببێت ئیتر دەگەن بە خۆشبەختی یان ئیتر وەک سەعدی دەگەن بە شاری (قودس)ی خۆشبەختی ، بەڵام نازانن هەندێک جارهەر لەسەرەتای ڕێگاکەدا یان لە سەرەتای پرۆسەکەدا دەبن بە دیل.

2-هەموو مانگێک نزیکەی (١٠٠) دۆسیەی خێزانی لە دادگاکانەوە بەفەرمی بۆ سەنتەرەکەمان دەنێرێت بەمەبەستی ئاشتەوایی کردن لە نێوان ئەو خێزانانەی دەیانەوێت لە یەکتری جیا ببنەوە ، جگە لە دەیان دۆسیەی تر لە دەرەوەی دادگا ، کە تیایدا دەبینیت ئەوان هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی ڕێگاکە یەکتریان بە دیل گرتووە نەک هاوسەر گیریان کردبێت

3- ئەم چیرۆکەی سەعدی وەک میتافۆر لە زۆر بواردا بەکار دێت بابەتەکە تەنها پەیوەست نیە بەهاوسەرگیریەوە ، کاتێک لە دەست شتێک ڕزگارت دەبێت و واقیعەن وا بیر دەکەیتەوە کە رزگارت بووە ، بەڵام پاش ماوەیەک سەد خۆزگە بەسەردەمی پێشتر دەخوازیت.

ن: هێمن عه‌بدولقادر


PM:12:15:16/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 5120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل