‌هۆكار و چارەسەرەكانی قەبزی منداڵ

وێستگە ستایل-

قەبزی یەكێكە لەگرفتە باوەكانی منداڵان و لەهەمووتەمەنێكدا منداڵ تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت، بەزۆری لەنێوان تەمەنی خوار شەش ساڵان كێشەی قەبزیان بۆ دروست دەبێت.

د.بەكر ڕەحیم ڕەشید پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان  تایبەت بەسایتی" تەندروستی" راگەیاند: ئەو منداڵانەی قەبزن تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەبن لەكاتی دانیشتندا و  مناڵێكی ئاسایی كەقەبز نەبێت لەڕۆژێكدا لەوانەیە سێ جار دابنیشێت، لەوانەیە سێ‌ ڕۆژ جارێك پیسایی بكات كەپیسایەكی رەق نابێت و ئاسایی دەبێت، بەڵام كەقەبزی دروست دەبێت پیسایەكی رەق و ووشك دەبێت و ئازاری هەیە ودرەنگ دادەنیشێت.

بەپێی ووتەی ئەو پزیشكە كۆمەڵێك هۆكار هەیە بۆ قەبزبوونی منداڵ ، ئەوانیش:

- هەندێكجار پەیوەندی بەكۆندامی هەرسەوە هەیە، جاری وا هەیە لەدەرەوەی كۆندامی هەرسەوەیە.
- تەسك بوونەوەیەك هەبێت یاخود جوڵەی ریخۆڵە چالاك نەبێت.
-  منداڵەكە كۆمی بریندارە و هەیە ناوێری دانیشێت، چونكە هەموو دانیشتنێك ئازاری زۆری  بۆ دروست دەكات.
- ئەو منداڵانەی خواردنیان كەمە و شلەمەنی كەم دەخۆن و بەزۆری حەزیان لەشیری قووتووە تووشی قەبزی دەبن. 
- ئەگەر منداڵ لەدوای ساڵ و دوو ساڵەوە شیری قووتوو زۆر بخوات یاخود سەوزە و میوەكان كەم بخۆن تووشی قەبزی دەبێت.
- كەمی جووڵە و دانیشتین و هەڵسوكەوت نەكردنی زۆر.
- بەرزی رێژەی كالیسیۆم یاخود كێشەی هۆرمۆنی و لاوازی غودەكان و هەندێك نەخۆشی دیكە.


چارەسەركردنی قەبزی مناڵ:

د.بەكر ڕەحیم ڕەشید ئاماژەی بەوەكرد لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەوەی گرنگە گۆڕانكاریە لە شێوازی خواردنی منداڵەكە و لەهەڵسوكەوت و چالاكی ڕۆژانەی مناڵ و رێنمایی بەدایكان دەدەن ئاوی زۆر بدەن بەمنداڵەكانیان بەلایەنی كەمەوە دەبێت رۆژانە هەشت پەرداخ  ئاوبخورێتەوە و سەوزە و میوە و شلەمەنیان بدەنێ.

وتیشی: لەدوای یەك ساڵەوە نابێت شیر سەرەكیترین خواردنی مناڵ بێت، ئەگەرمناڵ یەك كوپ بۆ دووكوپ شیر بخواتەوە قەبزی بۆدروست دەكات، چا كەم بخوات و خواردنی دەروەی ماڵ وەك پیپسی وجپس و بنێشت هۆكارە بۆدروست بوونی قەبزی.


AM:09:57:15/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 41628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌