جۆر و نیشانهكانی نهخۆشی شهكره و چۆنیهتی خۆپاراستن
وێستگە ستایل-
شەکرە واتا بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی شەکری خوێن لە دەرەنجامی تێکچوونی کۆمەڵێك زیندەچالاکی لەش، بەپێی ئاماری ٢٠١٥ لە جیهاندا نزیکەی ٤١٥ ملیۆن کەس کە دەکاتە (%١٠) دانیشتوان گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەن، وە پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە بگاتە ٦٤٢ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٤٠ لهم بابهتهدا دكتۆر هەرێم کریم احمد پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناوی و دڵ و شەکرە باس له هۆكارهكانی توشبوون بهم نهخۆشییه و جۆرهكانی و چۆنیهتیهتی خۆپاراستن دهكات بۆ ئهوهی ههمووان به ئاگا بن لهم نهخۆشییه مهترسیداره.
بەگشتی شەکرە دوو جۆرە:
جۆری یەکەم : بەهۆی وەستانی خانەکانی پەنکریاس لە دەردانی هۆڕمۆنی (ئەنسۆلین)ەوە دەبێت، کە زیاتر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا دەردەکەوێت بە نزیکەی (٥-١٠%) نەخۆشی شەکرە لەم جۆرەن، کەسە پێویستە بە درێژیی تەمەن دەرزی ئەنسۆلین بەکاربهینێت.
جۆری دووەم: بە هۆی بەرگی لەش بۆ ئەنسۆلین یاخود سست بوونی خانەکانی پەنکریاس دەبێت و زیاتر لە دوای تەمەنێکەوە و لە کەسانی قەڵەودا دەردەکەوێت کە ڕەگێکی بۆماوەییان هەیە ( زیاتر لە (٩٠%) نەخۆشی شەکرە پێکدێنێت).
لە جۆرەکانی تری شەکرە...
* شەکرەی ماوەی دووگیانی
*هەندێ لە نەخۆشی کوێرە ڕژێنەکان و غودەی دەرەقی (سام)
* بەکارهێنانی دەرمان وەکو کۆرتیزۆن، دەرمانی دڵ و میز پێکەر و BB و دەرمانی دژە پەرکەم وەکو (Olanzapine,Clozapin).
*هەندێ نەخۆشی کرۆمۆسۆمی بە نموونەی مەنگۆلی.
لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە:
1- تینوێتی و دەم وشک بوونەوەی ناسروشتی
2- زۆر برسی بوون و زۆر خورادن
3- زۆر میزکردن
4- شەکەتی و ماندووبوونی بەردەوام
5- دابەزینی لەش بە بێ هۆکاری دیار
6- بەرچاو تەڵخ بوون
7- سەرئێشە
8- ئاو زۆر خورادنەوە
9- درەنگ چاک بوونەوەی برین
10- سڕبوون و مێرووکردنی دەست و پەلەکان
11- کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
12- دووبارەبوونەوەی ئیلتیهابی میز و میزەڵدان
پێویستە کێ پشکنینی پێشوەختەی شەکرە بکات؟
- کەسانی قەڵەو و زیادە کێش BMI>25
- ژیانی ئیسراحەت و نەجوڵان
- بوونی کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە خێزاندا و پێشتر ئافرەتەکە شەکرەی ماوەی سک پڕی هەبووبێت.
- فشاری خوێنی بەرز بێت زیاتر لە ١٤/٨ (١٤٠/٩٠)
- چەوری سوودبەخشی کەم بێ(٢٥>)یان چەوری سیانی لە سەرووی(٢٥٠<)بێت
- فرەکیسی هێلکەدانی هەبێت
- نەخۆشی دڵ و بۆریەکانی مێشک هەبێت
- هەموو کەسێک لەسەروو تەمەنی ٤٥ ساڵانەوە یان زیاتر
- لەدایکبوونی منداڵ کێشی زیاتر لە ٤,١ کگم
- کەسانی دەرمانی کۆرتیزۆن یان دژە پەرکەم بەکاردەهێنن
- کەسانێك کە پشکنینی پێشتریان لە ڕادەی ئاسایی زیاتر بووە.
دیاریکردنی نەخۆشیەکە:
- بوونی نیشانەکانی بەرزی شەکرەی خوێن و ڕێژەی شەکرەی خوێن دوای ٢ کاتژمێر لە نانخواردن زیاتر لە ٢٠٠ ملگم\دسلتر بێت.
- شەکرەی خوێن زیاتر ١٢٦ملگم\دسلتر دوای ٨ کاتژمێر لە هیچ نەخواردن.
- شەکرەی سێ مانگ زیاتر لە ٦,٥% بێت .
- بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن بۆ زیاتر لە ٢٠٠ مگم\دسلتر دوای ٢ کاتژمێر لە خواردنەوەی ٧٥ مگم شەکراو (گلوکۆز).
پێکهاتە خۆراکیەکان:
١-کاربۆهایدرات(شیرینی): نەخۆشی شەکرە دەبێت دووربکەوێتەوە لە خواردنی وەک (نانی سپی و نانی فڕن و برنج و پەتاتەی سوروکراو)کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن بەشێوەیەکی خێرا، هەروەها دووربکەوێتەوە لە خواردنی وەک (مرەبا و هەنگوین و بسکیت و خواردنەوە گازیەکان وەکو بیبسی و سێڤن، هەموو جۆرەکانی شەربەت)، باشترە ئەو جۆرە کاربۆهایدراتانە بخوات کە ئاڵۆزن و کەمتر دەمژرێن وەک (نانی جۆ و نانی بۆر و پەتاتە بە کوڵاوی)
٢-ڕیشاڵەکان: وەکو (سەوزە و جەرجیر و توور و پاقلە و نۆک و فاصۆلیا و میوە و لۆبیا و خەیار و تەماتە) خێرایی مژینی شەکر کەمدەکەنەوە و بەسوودن
٣-پڕۆتین: وەکو گۆشت و هێلکە و شیرەمەنیەکان یان ڕووەکی وەک پاقلەمەنیەکان، باشترە وەک پێویست بخورێن و زیادەڕەویان تێدانەکرێت.
٤-چەوری: وەکو قەیماغ و سەرتوێژ و پەنیر و گۆشتی چەور...، کە پێویستە نەخۆشی شەکرە خۆی بە دوور بگرێت لە خواردنی چەوری گیانەوەری.
ژەمەکان:
بەیانیان: ئەم خواردنانە بەکاربهنرێت وەکو (چای بێ شەکر و زەڵاتە و گوێز و ماست و شیری بێ چەوری و صەموون و نانی جۆ و هێلکەی کوڵاو...هتد)
نیوەڕوان : خواردنی وەک ( برنج و پەتاتە و ساوەر و مەعکەرۆنی...)هەفتانە دوو جار زیاتر نەخورێن، شلە وەکو (نیسک و نۆک و فاصۆلیا و پاقلە..)، ماسی و مریشک بخورێت، گۆشتی حەیوان هەفتانە دوو جار زیاتر نەخورێت
ئێواران: خواردنەوەکانی وەکو ( زەڵاتە و شۆربا و لەتی نانی جۆ و سوپ باشترە ئامادەکراو نەبێت).
ڕێنمایی گشتی:
- بەکارهێنانی دەرمان و دەرزی ئەنسۆلین لە کاتی خۆیدا و بەگوێرەی ڕێنمایی پزیشک.
- کێشی نموونەیی یان دابەزاندنی لە کەسانی قەڵەو و زیادە کێشدا و وازهێنان لە جگەرکێشان.
- گرنگی دان بە وەرزش کردن، لانی کەم هەفتانە ١٥٠ خولەک وەرزشێکی مامناوەند بکات.
- پشکنینی ڕۆژانەی پێیەکان بۆ زانینی برین و هەوکردن و شۆردنیان بە صابوون و ئاوی شلەتێن و پاشان وشکردنەوەیان.
- بەکارنەهێنانی گۆرەی تەسک و لاستیکی کە ئازاری پێ بدات.
-نەگەڕان و نەسوڕانەوە بەپێی پەتی.
- کردنی نینۆکەکان بەشێوەیەکی ڕاستەکەی و زۆر کورت نەکردنەوەیان.
- قاچ نەکردنە بەر زۆپا و هیتەر و ئامێرە گرەم کەرەوەکانی تر لەوەرزی سەرمادا.
- وشکردنەوەی نیوان پەنجەکانی قاچ بە خاولی یان پەڕۆی نەرم لە دوای شۆردنیان.
-ساڵانە پشکنین بۆ چاو و گورچیلەکانی بکات لەلای پزیشکی پسپۆڕ.
پێوەرەکانی ڕێژەی شەکری خواردن و میوەکان Glycemic Index
بریتیە لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن لە دوای خواردنی بڕێکی دیاریکراو لە هەریەک لەو خواردن و میوانە بە بەراورد بە خواردنی هەمان بڕ لە شەکری سپی (کلوگۆز)، ڕێژەکە لە نێوان (٠-١٠٠) کە (١٠٠) شەکری پوختەیە.
* بە جۆرێک (٠-٤٠) ڕێژەیەکی نزمە و ڕێگە پێدراوە بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە.
* (٤٠-٧٠) مامناوەند و پێویستە بە وریایی یەوە بەکاربهێنرێت.
*لەسەروو (٧٠) باشترە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە بەدووربێت لێیان.
AM:09:30:08/01/2019
ئهم بابهته 16286
جار خوێنراوهتهوه