‌چۆن دەزانیت هەوکردنی غودەی دەرەقیت هەیە؟

وێستگە ستایل-

غودەی دەرەقی غودەیەکی بچووکە لە بەشی پێشەوەی خوارەوەی مل و شێوەی پەپوولەی هەیە و هۆرمۆنی تایڕۆکسین دەردەدات، ئەم غودەیە لەوانەیە تووشی هەوکردن بێت بە هۆکاری جیاواز، لەوانە بەرگری، ڤایرۆسی و بەکتریایی، هەروەها زۆر گرنگە کە هەوکردنی غودەی دەرەقی زوو چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دووربکەویتەوە لە تووشبوون بە سستی درێژخایەنی غودەی دەرەقی، کە لە ئەنجامی دواکەوتنی چارەسەردا ڕوودەدات.

- نیشانەکانی هەوکردنی غودەی دەرەقی بە سێوەیەکی گشتی ئەمانەن: 

1- سەرەتا بە شێوەیەک دەستپێدەکەن کە لە نیشانەکانی هەڵامەت دەچن، وەک ماندوێتی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

2- لەوانەیە نیشانەکانی ژەهراویبوونی غودەی دەرەقی لەگەڵیدا دەربکەون، وەک خێرابوونی لێدانی دڵ، ئارەقکردنەوە، زوو ماندووبوون، لەرزینی دەستەکان و تێکچوونی خەو.

3- ئازار لە بەشی پێشەوەی خوارەوەی مل (شوێنی غودەی دەرەقی) دروست دەبێت و ئازارەکە زیاتر دەبێت کاتێک پەنجە دەنرێت بەم شوێنەدا، هەوڵبدە پەنجەت بخەیتە سەر شوێنی ئازارەکە و کەمێک ئاو بخۆیتەوە، ئەگەر هەستت کرد کە شوێنی ئازارەکە بە کاتی قوتدان بەرز و نزم دەبێتەوە، ئەوا ئەگەری هەوکردنی غودەی دەرەقی زۆرە.

- هەروەها بەرزبوونەوە لە ڕێژەی هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی و پشکنینی ESR و CRP ڕوودەدات.

- کاتێک هەست بەم نیشانانە دەکەیت، پێویستە بە خێرایی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بۆ ئەوەی غودەکە نەگۆڕێت بۆ غودەیەکی درێژخایەنی سست کە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەرە بۆ هەتا هەتایە.


PM:02:56:29/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌