‌چەند زانیارییەکی گرنگ سەبارەت بە گرێ لیمفاوییەکانی جەستە

وێستگە ستایل-

گرێ لیمفاوییەکانی جەستە چەند گرێیەکی بچووکی هاوشێوەی قەبارەی فاسۆلیایەکن، ئەم گرێیانە ڕژێنی سەر بە سیستەمی لیمفی جەستەن و تۆڕێکن لە مولوولە و شانە کە فەرمانیان بەرگری کردنە لە تووشبوون بە نەخۆشی و هەوکردن، دکتۆر نەبیل عصام ڕاوێژکار لە نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری بە نازۆر لە ڕێگەی چەند پرسیار و وەڵامێک چەند زانیارییەکی گرنگ سەبارەت بە گرێ لیمفاوییەکانی جەستە ئاشکرادەکات.

- ئایا گرێ لیمفاویەکان بە گرێی شێرپەنجەیی دادەنرێن؟
- وەڵام: نەخێر، بە گرێی شێرپەنجەیی دانانرێن، بەڵکو لە ڕاستیدا گرێی بچووکن کە لە ناوچە دیاریکراوەکانی جەستەی مرۆڤدا هەن و بەشێکن لە کۆئەندامی بەرگری.

- ئەرکی ئەم گرێیانە چییە؟
- وەڵام: ئەرکیان بریتییە لە بەرگریکردن لە جەستە دژی بەکتریا و ڤایرۆسە زیانبەخشەکان، هەروەها پاککردنەوەی جەستە لە خانە زیانلێکەوتووەکان و خانە شێرپەنجەییەکان.

- بۆچی هەندێک جار قەبارەیان گەورە دەبێت؟
- وەڵام: گەورەبوونی قەبارەیان بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوەیە:
1- هەبوونی حاڵەتێکی نەخۆشی لە نزیک ئەم گرێیانە بۆنموونە هەبوونی هەوکردنێک یان گرێیەکی شێرپەنجەیی، چونکە چوونەژوورەوەی خانە ناسروشتییەکان بۆ ناو گرێکان دەبێتە هۆی هەڵئاوسانیان.
2- ڕوودانی حاڵەتێکی نەخۆشی لەناو خودی گرێکاندا وەک گەشەیەکی ناسروشتی لەناو خانەکانی ئەم گرێیانەدا.

- ئایا پێویستە سەردانی پزیشک بکەین کاتێک هەست بە گەورەبوونی قەبارەی گرێ لیمفاویەکان دەکەین؟
- وەڵام: بێگومان، چونکە ئەم گرێیانە قەبارەیان گەورە نابێت مەگەر هۆکارێکی نەخۆشی لە ئارادابێت، و سەردانی زووی پزیشک دەرفەتی چاکبوونەوە لە هەموو حاڵەتەکاندا زیاد دەکات.

- ئایا هەمیشە پێویستمان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە بۆ لابردنی گرێ لیمفاوییەکان بۆ گەیشتن بە دەستنیشانکردن؟
- وەڵام: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستمان بە نەشتەرگەری نییە و دەستنیشانکردن لە ڕێگەی پشکنینە تیشکییەکان و سۆنەرەوە دەکرێت، و لەوانەیە پێویستمان بە پشکنینی (نموونە وەرگرتن) بێت لە ڕێگەی دەرزییەکی باریکەوە. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا، لەوانەیە پێویست بکات یەکێک لە گرێکان لاببرێت.


PM:03:10:06/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌