‌توێژینەوەیەک: دڵشکان دەبێتە هۆی مردن

وێستگە ستایل-

لە نوێترین توێژینەوەدا ئاشکرابووە کە دەکرێت مرۆڤ بمرێت لە دەرەنجامی دڵشکانەوە کە دووچاری دەبێت پاش لەدەستدانی ئازیزێکی.

ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری "Frontiers in Public Health" بڵاوکراوەتەوە، 1735 کەس بەشداریان تێدا کردووە و دابەشکراون بەسەر  دوو گروپدا بەشێوەیەک نیوەیان هەڵگری خەمێکی کەم و نیوەکەی دیکەش هەڵگری خەمێکی قووڵ بوون لە پاش لەدەستدانی ئازیزێکیان، ئەم بەشداربووانە چاودێریان کراوە بە درێژای 10 ساڵ.

دەرەنجامی توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە %26.5 ی بەشداربووەکان کە خەم و پەژارەیەکی قورسیان هەبووە مردوون، ئەمە جگە لەوەی ئەو کەسانەی دووچاری دڵشکان هاتوون بە ڕێژەیەکی زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و دەروونییەکان بووە لە ماوەی ژیانیاندا بە هۆی ئەو نەخۆشیانەی دووچاری هاتوون.

دڵ شکان حاڵەتێکی دڵە کە ناسراوە بە "Takotsubo"، لە ئەنجامی فشار و خەمێکی قوڵی پاش لەدەستدانی ئازیزێک ڕوودەدات، کە دەکرێت ببێتە هۆی زیاد دەردانی ‌هۆڕمۆنی کۆرتیسۆڵ، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان و شەکرە، دواجار دەرەنجامەکەی بە مردن کۆتای دێت.


PM:10:21:29/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌