‌دیان کیتۆن لە تەمەنی 79 ساڵیدا ماڵئاوایی لە هەوادارەکانی کرد

وێستگە ستایل-

خانمە هونەرمەند و ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار دیان کیتۆن لە تەمەنی 79 ساڵیدا ماڵئاوایی لە خێزان و هەوادارەکانی کرد.

ئەو ئەستێرە ئەمریکییە بە نواندنە سەرنجڕاکێشەکەی لە فیلمی ڕۆمانسی کۆمیدی "Annie Hall" کە ساڵی 1977 بڵاوبۆوە توانی سەرنجی سەرجەم هەوادارەکانی بواری سینەما لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

لای خۆیەوە کۆمپانیای ریزۆلی کە چەندین کتێبی ئەو خانمە بەهرەمەندەی بڵاوکردۆتەوە و ئاشنای کردووە بە خەڵکی، بە وتەیەک هاوخەمی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو ئەستێرەیە ڕاگەیاند و وتی:" بەداخەوە،  ئێمە ئایکۆنێکی گرنگی بواری سینەما، دیزاین و فاشنمان لەدەستدا".

دیان کیتۆن توانیوێتی لە ماوەی ژیانیدا بەشداری بکات لە زیاتر لە 60 فیلمی جۆراوجۆردا، کە گرنگترینیان هەریەکە لە Godfather trilogy، The First Wives Club بوون، هەروەها هەشت فیلم کە ڕۆڵیگێڕاوە لەگەڵ ئەکتەری بەناوبانگ Woody Allen، ئەم خانمە ئەکتەرە توانیوێتی ستایلێکی تایبەت بە خۆی هەبێت لە ‌هۆڵیوددا و پێی بناسرێتەوە، بەڵام دواجار لە تەمەنی 79 ساڵیدا بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و کۆچی دواییکرد.


PM:12:45:12/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌