‌هۆمایۆن شەجەریان: دایکم ڕۆیشت

وێستگە ستایل-

هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوداری ئێران هۆمایۆن شەجەریان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە میانەی بڵاوکراوەیەکیدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هاوخەمی بۆ لەدەستدانی دایکی دەربڕیوە.

پاش ئەوەی دوێنێ یەکشەممە فەرخەندە گوڵەفشان دایکی ئەم گەورە هونەرمەندە و هاوسەری پێشووتری محمد ڕەزا شەجەریان لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، هۆمایۆن لە وەسفی دایکیدا نووسیوێتی:" دایکم ڕۆیشت، داستانی عیشق و ئارامی، سومبولی دڵسۆزی و وەفا، ئەو خانمەی کە هەتا کۆتا هەناسەی باوەڕی بە خۆسەویستی هەبوو، ئەو خانمەی کە بە بێدەنگی مانای بە خۆشەویستی و وەفاداری بەخشی، بە دڵێکی ئارام و نیگایەکی پڕ لە میهرەبانییەوە".

لە درێژەی وتەکانیدا هۆمایۆن نووسیووێتی:" دایکم ڕۆیشت، من بە هەمان ڕەنگ و بۆی ئەو ماومەتەوە، دوێنی کۆتا دیداری نێوانمان بوو، ئەو ڕۆیشت و تاکە شتێک کە بۆی بەجێهێشتم دیمەنی پرچە سپییەکەی و ناوچەوانی گەرمی بوو کە بۆ کۆتا جار توانیم ماچی بکەم، یادەوەرییەک لە خۆشەویستی کە هەرگیز نامرێت". 


فەرخەندە گوڵەفشان لەدایکبووی حوزەیرانی ساڵی 1938ی تارانە، ئەو خانمە مامۆستا بووە و هاوسەری یەکەمی گەورە هونەرمەندی ئێران محمد ڕەزا شەجەریان بووە، خاوەنی 4 منداڵە بە ناوەکانی هۆمایۆن، موژگان، فەرزەندە و ئەفسانە، دوێنی لە تەمەنی 87 ساڵیدا بۆ کۆتا جار چاوەکانی لێکنا و کۆچی دواییکرد.


PM:01:02:06/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌