‌ئەنغام نەشتەرگەرییەکی گەورەی بۆ ئەنجامدەدرێت

وێستگە ستایل-

لە دواین هەواڵەکانی ڕەوشی تەندروستی خانمە گۆرانیبێژی میسڕی ئەنغامدا، ڕاگەیاندکارێکی میسڕی بە ناوی مەحمود سەعد ئاشکرایدەکات کە ئەو خانمە گۆرانیبێژە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت.

ئەو ڕاگەیاندکارە میسڕییە لە میانەی پۆستێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سەبارەت بە دواین رەوشی تەندروستی خانمە گۆرانیبێژ ئەنغام نووسیوێتی" بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە دواین هەواڵی تەندروستی ئەنغام بۆ هەوادارەکانی پێتان ڕادەگەیەنم سەرەتا پزیشکان بەشێکیان لە کیسی سەر پەنکریاسی لابرد بەڵام دواتر بڕیاریانداوە بە لابردنی تەواوی کیسەکە و بەشێک لە پەنکریاسیشی لەڕێگەی نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزەوە، وا بڕیارە سبەینێ نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدرێت، بە هیوام لە نزاکانتان بێبەشی نەکەن و خودا سەلامەتی بکات".


لای خۆیەوە بەم دواییانە ئەشرەف زەکی سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی میسڕ پشتگیری و هاوخەمی خۆی بۆ خانمە گۆرانیبێژ ئەنغام دەربڕیوە دوا بە دوای ئەوەی دووچاری نەخۆشی هاتووە و سەرچاوەیەکی نزیک لەو خانمە هونەرمەندە ڕایگەیاند کە تا ئێستا ئەنغام لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیایە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و چاودێریکردنی لە نزیکەوە.

بەم دواییانە هەواڵێک تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند کاتێک وا بڵاوکرایەوە کە ئەنغام دووچاری شێرپەنجەی مەمک هاتبێت، سەرجەم هەوادارەکانی ئەو خانمە هونەرمەندە لە خەمی تەندروستی ئەودان و نزا دەکەن بۆ زوو چاکبوونەوەی.


PM:01:24:07/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌