ئەکتەرێکی میسڕی تۆمەتباردەکرێت
وێستگە ستایل-
ئەکتەری میسڕی وەفا عامر ڕایگەیاند داوای یاسایی لەسەر کەسێک بە ناوی مەروە تۆمارکردووە، پاش ئەوەی لە میانەی ڤیدیۆیەکی تیکتۆکدا ئەو خانمە هونەرمەندەی بە بازرگانیکردن بە جەستەوە تۆمەتبارکردووە بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی دروست.
خانمە ئەکتەرەکە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ئاماژەی بەوە داوە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئەوەوە نییە و وەک لێدانێک لە پێگەی کەسی و پڕۆفیشناڵی خۆی لێکیدەداتەوە.
وەفا عامر لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە پڕۆگرامی "صبايا الخير" لە کەناڵی "النهار" ی میسڕی بە هەوادارەکانی ڕاگەیاند من ئێوەم خۆشدەوێت و ڕێزتان لێدەگرم، هیچ کارێکم نەکردووە مایەی نیگەرانی ئێوەی لێبکەوێتەوە و ئەوەی بڵاوبۆتەوە هەڵبەستراوە.
لای خۆیەوە سەندیکای ئەکتەرانی میسڕ پشتگیری خۆی بۆ خانمە ئەکتەرەکە دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند لیژنەیەک لە پارێزەران درووست کراوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە و دەرخستنی ڕاستییەکان.
وەفا عامر لە ساڵی 1968 لە وڵاتی میسڕ لەدایکبووە، لە ماوەی کارە هونەرییەکانیدا وەک ئەکتەرێکی بەناوبانگ بەشداری چەندین فیلم و شانۆی کردووە، لە ساڵی 2001 ەوە هاوسەرگیری لەگەڵ محمد فەوزی کردووە و خاوەنی یەک کوڕە بە ناوی عومەر فەوزی.
PM:12:51:30/07/2025
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه