بەرپرسێكی گۆڕان: نە گۆڕان دەتوانێ چاكسازی بكات و نە یەكێتیش دەگات بەهاوسەنگی


وێستگە نیوز-
بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، نە بزووتنەوەكەی دەتوانێت چاكسازی بكات و نە یەكێتی نیشتمانیش دەكات بەهاوسەنگی.

عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، نە گۆڕان دەتوانێ چاكسازی بكات و نە یەكێتیش دەگات بەهاوسەنگی و دەڵێت "گوایە گۆڕان بۆ چاكسازی چووەتە ناو حكومەت، یەكێتیش بەردەوام داوای هاوسەنگی لەناو دەسەڵاتدا دەكات، بەڵام هەردوكیان بەو عەقڵیەت و میكانیزمیەی كاركردنی ئێستایان، نە گۆڕان دەتوانێت چاكسازی لەناو حكومەت بكات، نە یەكێتیش دەگات بەو هاوسەنگیەی مەبەستێتی".

موهەندیس ئاماژەی بەوەگردووە، لەنێو ماڵی هەر یەكێكیان، خاوەن یەك بڕیار و یەك هەڵوێست نین، دوو ئاڕاستەییان بە زەقی پێوە دیارە، لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم ڕۆڵی لاواز و سانەوی دەبینن، ئەوەش بەحوكمی ئەوەی نەك وەك شەریك، بەڵكو بەشداریان پێكراوە لە حوكمڕانی.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتویەتی "هەر حیزب و لایەنێك نەتوانێت ناو ماڵی خۆی ڕێك بخات و یەكگرتوو بێت، حەتمەن ناتوانێت لەدەرەوەی خۆی چاكسازی و ڕیفۆرم بكات و بەلاوازیش دەردەكەوێت".


PM:04:44:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت