شه‌ش په‌رله‌مانتاری كوردستان داوا ده‌كه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی به‌غدا بكات


وێستگه‌ نیوز ـ

شه‌ش په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان داوا له‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن وه‌ك ده‌رخستنی نیازپاكی بۆ به‌رپرسانی عیراق سه‌ردانی به‌غدا بكات.

ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌ له‌ نامه‌یه‌كیاندا بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ڵێن: "چەند رۆژێكە شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدایه‌ و تائێستا ئاسۆیەكی روون دیارنییە كە ئەم شاندە بتوانێت قەناعەت بە بەرپرسانی باڵای عیراق بكات بۆ ئەوەی مووچەی ئەم مانگەی هەرێم رەوانەبكات، سەرەڕای چارەسەركردنی ریشەیی بۆ كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتیان پێنەدراوە هەركاتێ‌ بەغدا داوایەكی نوێی پێشكەشكردن، بتوانن دەمودەست بڕیاری لێبدەن".

ده‌شڵێن: "بۆ نمونە سەرەڕای رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ-ی عیراقیی، بەغدا داوای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و فرۆكەخانەكانیش دەكات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە كە ئێستا هەرێم بەدەست سەختترین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ‌ و نزیكەی 50 رۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و حكومەت-یش موچەی پێنادرێت و ناڕەزایی گەورەیش بەرێوەیە، داواكارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدادە، سەردانی بەغدا بكەیت و نیەتباشیی حكومەتی هەرێم نیشانبدەن بۆ رادەستكردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەكانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عیراقیی بدرێتێ‌".


ده‌قی نامه‌كه‌:

نامەی شەش پەرلەمانتار بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بەرێز/ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

چەند رۆژێكە شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدادە و تائێستا ئاسۆیەكی رون دیارنییە كە ئەم شاندە بتوانێت قەناعەت بە بەرپرسانی باڵای عیراق بكات بۆ ئەوەی موچەی ئەم مانگەی هەرێم رەوانەبكات، سەرەڕای چارەسەركردنی ریشەیی بۆ كێشەی موچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتیان پێنەدراوە هەركاتێ‌ بەغداد داوایەكی نوێی پێشكەشكردن، بتوانن دەمودەست بڕیاری لێبدەن، بۆ نمونە سەرەڕای رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عیراقیی، بەغداد داوای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و فرۆكەخانەكانیش دەكات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە كە ئێستا هەرێم بەدەست سەختترین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ‌ و نزیكەی 50 رۆژە موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و حكومەت-یش موچەی پێنادرێت و ناڕەزایی گەورەیش بەرێوەیە، داواكارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدادە، سەردانی بەغداد بكەیت و نیەتباشیی حكومەتی هەرێم نیشانبدەن بۆ رادەستكردنی نەوت و  داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەكانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عیراقیی بدرێتێ‌.

خەڵكی كوردستان چاوەڕێن حكومەتی هەرێم، حكومەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و بڕیارە یەكلاكەرەوەكان بێت، نەك دەستەوەستانبون لە چارەسەركردن دا.

لەگەڵ رێزدا..

ئیمزاكان:
1- مەم بورهان قانع.
2- سەرچنار ئەحمەد.
3- روپاك ئەحمەد.
4- موسلیم عەبدولڵا قەسرێ‌.
5- گۆران عومەر عەلی.
6- بەدریە ئیسماعیل مەحمود.

1/ 5/ 2020


PM:05:01:01/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت