چاودێری بازرگانی: هەر فرۆشیارێک نرخی دەمامک گران بکات شوێنەکەی دادەخرێت



وێستگە نیوز-
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر فرۆشیارێک لەناو بازاڕەکانی شاری سلێمانی نرخی دەمامک گران بکات و سزا دەدرێت و شوێنەکەی دادەخرێت. 

لە پێشتردا نرخی یەک پاکەت دەمامک کە ٥٠ دانە لەخۆدەگرێت کەمتر بوو لە یەک دۆلار، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە ئێوارەی دوێنێوە لە هەندێ شوێن و دووکان بە زیاتر لەو نرخە و لە هەندێک شوێنیش بە پێنج دۆلار دەفرۆشرێت. 

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەوبارەیەوە به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، ئەمڕۆ لەبازاڕ لە چەند دووکانێک نرخەکەی لەخۆی زیاتر فرۆشراوە بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز نا و ٥٠٠ دینار یان هەزار دینار خراوەتەسەری، زیاتر لەبەر ئەوەش بووە کە خەڵکێکی زۆر ڕووی لەو دوکانانە کردووە بۆ کڕینی دەمامک". 

وتیشی، " لە دوای گەڕانمان لە ئەمڕۆدا چەند دوکانێکمان داخستووە کە نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە". 

لەبارەی ئەوەی سزای ئەو کەسانە چی دەبێت کە نرخەکان گران دەکەن وتی، " ڕاستەوخۆ شوێنەکە دادەخەین بۆ ئەوەی لە ئێستادا بتوانین کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەین، دواتر ئاگاداری دەکەینەوە کە دەبێ بە هەمان نرخی خۆی بیفرۆشێت". 

دەمامک بە کوالێتی جۆراوجۆر هەیە و نرخەکانی لە هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ٢٠ هەزاریش دەڕوات بەپێی کوالیتی دەمامکەکە. 

گرانبووونی نرخی دەمامک لەکاتێکدایە ماوەی سێ ڕۆژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوووەتەوەو تا ئێستا بەپێی ئامارە فەرمیەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە ٢٨ کەس توشبوون و لەو ژمارەیەش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. 

لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا سەرجەم دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران هاتووچۆیان تێدا ڕاگیراوە بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەت و لایە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنن ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان


ش . ر 

 


PM:02:21:22/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 5624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت