یەكێتی: لەسەر داوای بەرهەم ساڵح خۆپیشاندانەكەی سبه‌ینێی كه‌ركوكمان دواخست

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە.. فۆتۆ: کەرکوک ناو

وێستگه‌ نیوز ـ كه‌ركوك ناو
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە لەسەر داوای هەریەكە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە، ئەو خۆپیشاندانەیان دواخستووە كە بڕیاربوو سبەینێ یەكشەممە لەبەردەم پەروەردەی كەركوك بەڕێوەبچێت.

حەسیبە عەبدوڵا، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو) ی راگه‌یاند: "ئاگادارکراینەوە کە هەریەک لە سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌، بۆ پرسی دامەزراندنەكەی كەركوك هاتونەتە سەر خەت و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیانداوە، بۆیە ئێمەش خۆپیشاندانەکەمان بۆ چەند رۆژێک دواخستووە".

زیاتر وتی، كە خۆپیشاندانەكە بۆ ئەو مەبەستە دواخراوە كە كێشەكانیان بەڕێگەی تر چارەسەر بكرێت و وتی "ئەگەر بێت و چارەسەری كێشەكە  نەكرێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و سەرجەم ئامادەکارییەکانیش تەواو بووە".

ئەوەش لەكاتێكدایە كاتژمیڕ 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ی كانونی دووەم، حزبە كوردییەكانی كەركوك كۆبونەوە و بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا سبەینێ یەكشەممە 19ی كانوونی دووەم، لەبەردەم پەروەردەی كەركوك كۆببنەوە دژی كەمی رێژەی كورد لە دامەزراندنی نزیكەی دوو هەزار و 500 كەس لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەی عیراق.

جوان حەسەن، ئەندامی بەشداربوی كۆبونەوەكە لە پشكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دوای كۆبونەوەكەیان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمومان پێكەوە بڕیارماندا خۆپیشاندانەكە بكەین و هەموو رێگایەكی یاسایی بگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی كورد لە پشكی دامەزراندن، هەروەها پشتگیری دەرچووانی دانەمەزراوی كورد دەكەین".

بەڵام كەمێك لەمەوبەر (كاتژمێر دوو) لەبارەی بڕیاری دواخستنی خۆپیشاندانەكەوە، وەك ئەوەی حەسیبە عەبدوڵا جەختیلێكردەوە. جوان وتی "ئاگاداری دواخستنی خۆپیشاندان نیم".

سەرچاوەیەك لە دەستەی ئەنجومەنی باڵای دەرنەچوانی كورد لە زانكۆ و پەیمانگەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی بە ئێمە وتراوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، پەیوەندی بە ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكەوە كردووە خۆپیشاندانەكە رابگرن و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەی داوە".

ئەو ئەنجومەنە بڕیارە كەمێكی تر هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە رابگەیەنن.

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، دوانیوه‌ڕۆی 8ی كانوونی دووه‌می 2020، ناوی دامه‌زرێنراوانی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد.

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

توركمانیش چوارشەممەی رابردوو، 15ی كانونی دووەم، لەبەردەم پەروەردەی كەركوك بۆ هەمان پرس خۆپیشاندانیان كرد و جەختیانكردەوە كە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی پرۆسەی دامەزراندنەكەی كەركوك بەردەوامدەبن و بەردەم پەروەردە چۆڵناكەن.

ئەو ناڕەزاییانە هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عیراق بۆ راگرتنی دامەزراندنەكە و دوبارە پێداچونەوە و وەردبینی كرد بە فۆرمەكاندا لەژێر چاودێری دەستەی نەزاهەی عیراق.

هــ. ر


PM:03:01:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو