پارێزگای كه‌ركوك بڕیاریدا بەشداری لە ریفراندۆمدا بکات

‌دیمەنێک لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەن

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا ده‌نگی له‌سه‌ر به‌شداریكردنی كه‌ركوك له‌ ریفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان دا و بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکەی ئەنجومەن بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسەیە پەسەند کرا.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ی ئابی 2017، به‌به‌شداریی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌یه‌كی سازكرد و له‌ سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا، رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ كه‌ركوك مافی خۆیه‌تی به‌شداری له‌ ریفراندۆمدا بكات.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ فه‌رمی داوای كرد پرسی به‌شداریكردن له‌ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستاندا بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و رایگه‌یاند: ده‌بێت هاوڵاتیانی كه‌ركوك مافی به‌شدارییان له‌ ریفراندۆمدا هه‌بێت.

نوێنه‌ری كورد و پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان و كلدانی و سریانی و ئاشوری و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌گشتی هه‌مان راوبۆچونیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركوك مافی خۆیه‌تی به‌شداری له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بكات و بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی بدات.

نوێنه‌ری پێكهاته‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایان بوو كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌ده‌ست حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقه‌وه‌ ناڵاندویانه‌، بۆیه‌ مافی خۆیانه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ ریفراندۆم و كه‌ركوكیش بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

نوێنه‌ری پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ده‌نگی "به‌ڵێ"دان بۆ ریفراندۆم و خوازیارن پارێزگای كه‌ركوك به‌شداری له‌و ریفراندۆمه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.

نوێنه‌ری پێكهاته‌ی توركمان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا داوایكرد مافه‌ شه‌رعییه‌كانی كه‌ركوك بۆسه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ و "وه‌ك پێكهاته‌ی كه‌ركوك داوا ده‌كه‌ین كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی هه‌رێمی كوردستان و مافه‌كانی خۆشمان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینینه‌وه‌ و سوپاسی پێشمه‌رگه‌ش دەکەین كه‌ پارێزگاریی له‌ كه‌ركوك كردووه‌ و پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازی پاراستووە."

وتیشی ئێمه‌ وه‌ك توركمان له‌گه‌ڵ ده‌نگی "به‌ڵێ"داین بۆ به‌شداریكردنی كه‌ركوك له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا.

نوێنه‌ری پێكهاته‌ی كلدانی و سریانی و ئاشوری له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند: "وه‌ك گه‌لی كلدان و سریان و ئاشوری ته‌واو دان به‌وه‌دا ده‌نێین كورد مافی خۆیه‌تی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی خۆی و هاوشێوه‌ی گه‌لی كوردیش ئێمه‌ش زۆرمان به‌ده‌ست حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق چه‌شتووه‌ و هیواخوازین به‌شداریی كار له‌ داهاتووی ئه‌م پارێزگایه‌ و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین."

وتیشی: "چاره‌نوسی ئه‌م ریفراندۆمه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئێمه‌شه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ین كه‌ به‌شداریمان پێ بكرێت له‌م ریفراندۆمه‌دا و چاره‌نوسی ئێمه‌ش له‌م پارێزگایه‌ و هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بكرێته‌وه‌."

لە کۆتایی وتەی نوێنەری پێکهاتەکان و ئەندامانی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک، پێشنیازەکان سەبارەت بە بەشداریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کۆکرانەوە و خرانە دەنگدانەوە، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن و دەنگنەدانی دوو ئەندامییش بڕیاری بەشداریکردنی کەرکوک لە ریفراندۆم پەسەندکرا و داواکرا کە ئەو پرۆسەیە کەرکوکیش بگرێتەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ته‌نیا لیستی برایه‌تی كه‌ركوك، كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری كورده‌ به‌شداربوون، هیچ كام له‌ كوتله‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان به‌شدارییان نه‌كردو تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ له‌ ئه‌نجومه‌ن نیگه‌رانی كردوون.

بڕیاردانی ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك له‌كاتێكدایه‌ 32%ی پارێزگاكه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعشدایه‌، له‌وانه‌ قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحییه‌كانی زاب، ره‌شاد، ریاز و عه‌باسی.

له‌كاتێكدا حكومه‌تی عیراقی دژایه‌تی سازدانی ریفراندۆم ده‌كات، زۆرێك له‌ "ناوچه‌ی جێناكۆك” له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌غدادایه‌، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای دیاله‌ له‌وانه‌ ناحییه‌كانی (سەعدیە، مەندەلی، بەدرە و جەسان)، ئەمە جگەلە چه‌ند ناوچه‌یه‌كی قه‌زای شه‌نگالیش له‌‌ نه‌ینه‌وا.


AM:11:11:29/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 2716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو