سمێڵ و ریشی تاشی بوو
ئه‌و گه‌نجه‌ی ته‌قه‌ی له دوكانداره‌كه كرد، ده‌ستگیركرا
وێستگه نیوز –
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركوك ده‌ستگیركردنی ئه‌و گه‌نجه‌ی راگه‌یاند كه چووه ناو دوكانێكه‌وه و ته‌قه‌ی له خاوه‌نه‌كه‌ی كرد و برینداری كرد.
دوێنێ ڤیدیۆیه‌ك كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه كه تیایدا گه‌نجێك ده‌چێته فرۆشگایه‌كه‌وه له شاری كه‌ركوك و به‌زۆر بڕێك پاره له خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌سێنێت و گوللـه‌یه‌كیش ده‌نێت به ڕانیه‌وه، دواتر هه‌ڵدێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركوك رایگه‌یاند كه دوێنێ چوارشه‌ممه ته‌قه‌كه‌ره‌كه ده‌ستگیركراوه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌مه وێنه‌ی تاوانبار (به‌رھه‌م جومعه)یه ناسراو به (به‌ره بنگردی) كه رۆژی چوارشه‌ممه 2017/8/23 له‌لایه‌ن ھێزه‌كانی پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركرا".
ئاسایشی پارتی ده‌ڵێت: "تاوانباری ناوبراو له به‌رواری 2017/8/6 له گه‌ڕه‌كی (موسه‌ڵا)ی شاری كه‌ركوك به مه‌به‌ستی دزیكردن ھه‌ڵیكوتایه سه‌ر فرۆشگایه‌ك (سوپه‌ر ماركێت)".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "دواتر به چه‌كی ده‌مانچه ته‌قه‌ی له خاوه‌نی فرۆشگاكه كرد به ناوی (حسێن عباس) و قاچی بریندار كرد و پاشان بڕێك پاره و كارتی مۆبایلی له فروشگاكه دزی و ھه‌ڵھات".
ئاسایشی پارتی ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "له ناو فرۆشگاكه‌دا كامێرای چاودێری تێدا بوو، وێنه‌ی ته‌واوی ئه‌و تاوانه‌ی تۆمار كردبوو، ئه‌م تاوانباره له پاش ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه و له ترسی ده‌ستگیركردن ستایلی قژی گۆڕیبوو و سمێڵ و ریشی تاشی بوو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێته‌وه، خۆشبه‌ختانه ده‌ستگیركرا".
PM:05:48:24/08/2017
ئه‌م بابه‌ته 37620
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت