به‌ندكراوێكی كورد دوای 13 ساڵ زیندانی له‌ سێداره‌ درا

‌هاوڵاتیەکی کورد لە سێدارە درا

وێستگه‌ نیوز ـ
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام دوای 13 ساڵ له‌ زیندانی لە سێدارە درا.


رێكخراوی هەنگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، سزای له‌ سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی بێهرووز عەبدیپوور، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام بەرێوەچووە.

به‌پێی زانیارییه‌كان، بێهروز عەبدیپوور خەڵکی گوندی حەوت کانی (هفت چشمە)ی ئیلام بووە و 13 ساڵ پێش بە هۆی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە رێگای قەسامە واتە سوێند خواردنی کەسێک وەک شاهید، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوكات 10 ساڵ پێش ئێستا ماڵپەڕێکی نزیک لە رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بێهرووز عەبدیپوور بەندکراوی سیاسییە و مەترسی سێدارەی لە سەرە.

لە راپۆرتی ئەو ماڵپەڕەدا هاتبوو کە بێرووز بە هۆی ئەشکەنجە لە بەندیخانە یەکێک لە چاوەکانی لەدەست داوە و بنەماڵەکەی بە ناچاری بۆ کرماشان کۆچیان كردووه‌.

ئەو ماڵپەڕە هەروەها رایگەیاندبوو، دوو برای بێهروز عەبدیپوور  پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە سێدارە دراون.

هــ. ر


AM:08:29:17/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو